زیاتر لە 3 هەزار کەس سوودمەند دەبن

حکومەت بەخشینى دارایى بە رزگاربووانى ئێزدى دەبەخشێت

وریا فەتاح

بەخشینى دارایى سەرۆکى حکومەت بۆ مانگى سێ دەدرێتە ئێزدیانى رزگاربووى دەستى داعش، ناسنامەیەکیشیان پێدەدرێت بۆ ئەوەى لە دامودەزگاکانى حکومەت کارئاسانیان بۆ بکرێت.

فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتى هەرێم بڵاوى کردەوە، بەخشینی دارایی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و بۆ مانگی سێ دەبەخشرێتە ئێزدییانی رزگاربووی دەستی داعش.

وەک باسى کردووە، لە ۆژی دووشەممەوە بەخشینەکە دەستی پێکردووە کە ناوچەکانی خانکێ و شێخان و شاریا و دێرەبوون و دهۆک دەگرێتەوە.

هاوکات ئەو ئێزدییانە بە فەرمانی سەرۆکى حکومەت بوونەتە خاوەنی ناسنامەیەکی تایبەت، وەکوو بەڵگەنامەیەکی فەرمی بەکار دێت، لە دامودەزگاکانی حکومەتدا دەتوانن بەکاری بهێنن و ئاسانکاریی کاروبار و مامەڵەیان بۆ دەکرێ.

بۆ ماوەی 8 مانگە، 3 هەزار و 575 رزگاربوو بەخشین وەردەگرن

بەخشینی سەرۆكوەزیران بۆ رزگاربوانی دەستی داعش هەموو ئەندامانی خێزانی رزگاربووی گرتووەتەوە و تەنانەت ئەوانەشی لە دەرەوەی وڵاتن هاوكارییەكانیان پێدەگات.