جوتیارانی کۆیە بەسۆندە ئاوی دەدەن
کەم بارانی وابکا تامی قەرەخەرمانی ئەمساڵ ناکەین
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
بێ بارانی و وشکەساڵی ئەمساڵ کاریگەری خراپی دروست کردووە لەسەر ئەو زەوییانەی گەنمی قەرەخەرمانی تێدا چاندراوە، بە هۆیەوە بەشێکی کەم لە جووتیارەکان بە سۆندە و پڕژە لە رێگەی دەستەوە ئاویان دەدەن و لە لەناوچوون رزگاری دەکەن.
بەهۆی ئەوەی زۆربەی جووتیارەکان چاویان لە بارانەوە و هیچ سەرچاوەیەکی تری ئاودانیان نییە، ئەگەر فریا نەکەون کاتێک بێ بارانی و وشکەساڵی روویان لێدەکات بەرهەمەکەیان لە ناودەچێت و رەنج بەخەسار دەبن.
هونەر سەلیم، یەکێکە لە جووتیارەکانی دەشتی کۆیە بە 964ـی وت، هەر لە سەرەتای وەرزی زستانەوە پێشبینی ئەو وشکەساڵییەمان کردبوو، بۆیە ئێمەش بۆ ئەوەی رەنج بەخەسار نەبین وەک جووتیارەکانی تر، ئەمساڵ زەوییەکەمان بە سۆندە و پڕژە ئاو دەدەین لە رێگەی ئەو رووبارە ئاوەی بە تەنیشت زەوییەکەمان دێت، کە ئەوەش زەحمەتییەکی زۆری هەیە و بەردەوام دەبێ ئاوی بدەین.
بە هۆی وشکەساڵی و کەمی بەرهەمی قەرەخەرمان گومان دەکرێت ئەمساڵ نرخەکەی زۆر بەرز بێتەوە، چونکە بە وتەی ئەو جوتیارە زۆربەی ئەو جووتیارانەی قەرەخەرمانییان کردووە، بەهۆی بێ ئاوییەوە سووتاون و فەوتاون، بۆیە ئەگەر قەرەخەرمانیش کەم بێت نرخەکەی بەرز دەبێتەوە.
هەموو ساڵێک لە مانگی ئایار/ 5، بەرهەمی قەرەخەرمان لێدەکرێتەوە و بە رێگەی خۆی ئامادە دەکرێت و خواستێکی زۆری لە لایەن هاوڵاتییانەوە لەسەرە، بەڵام پێناچێت ئەمساڵ بە رێژەیەکی زۆر وەک ساڵانی پێشتر بە ئاسانی دەستیان کەوت و تامی بکەن.
ئەو جۆرانەی لە دەشتی کۆیە دەکرێ بە قەرەخەرمان، ئیتاریای دەنکڕەشە لەگەڵ ئەرینۆ، کشتوکاڵی ناوچەکە هیچ داتایەکی لەبەردەست نییە، کە رێژەی چاندنی قەرەخەمان چەندە بە مەزەندەکراوی یان رێژەی تەواوی چاندن لەلای جووتیاران.
پێداچوونەوە ئەحمەد مستەفا