رشانەوە و ئازاری گەدە و ماندوویه‌تی

ڤایرۆسێك هێرشی كرده‌ سه‌ر پاریس

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

پێش یاری ئه‌مڕۆی یانه‌كه‌ له‌ خولی فه‌ڕه‌نسا، ڤایرۆسێک دووچاری كۆمه‌ڵێك یاریزانی یانه‌ی پاریس سانجێرمان بووه‌ته‌وه‌.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11ی شوبات، له‌ گه‌ڕی 23ی خولی فه‌ڕه‌نسا، یانه‌ی پاریس سانجێرمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆیدا له‌گه‌ڵ یانه‌ی مۆناكۆ یاری ده‌كات.

یارییه‌كه‌ كاتژمێر 07:00 به‌ كاتی كوردستان له‌ یاریگای لویسی دووه‌م ده‌ستپێده‌كات.

له‌ یارییه‌كه‌دا یاریزانانی پاریس سانجێرمان “لیۆنێل مێسی، كیلیان ئێمباپێ، مارکۆ ڤێێراتی، نۆردی مۆکیل و ریناتۆ سانچێز” به‌شداریی ناكه‌ن.

راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان له‌ فه‌ڕه‌نسا باسی ئه‌وه‌ی ده‌كه‌ن، ڤایرۆسێک لە ناو یانه‌ی پاریس سانجێرمان بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

رادیۆی مۆنتی کارلۆی فەڕەنسا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌ دوای مۆندیالی قه‌ته‌ڕه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی یاریزانه‌كان بۆ پاریس، چه‌ند یاریزانێكی یانه‌كه‌ تووشی پێكان هاتوون، هه‌روه‌ها چه‌ند یاریزانێكیش دووچاری ڤایرۆسێك هاتوون، كه‌ پێده‌چێت ڤایرۆسی گه‌ده‌ بێت و كاریگه‌ریی به‌سه‌ر گه‌ده‌ و ریخوڵه‌كانی چه‌ند یاریزانێك هه‌بووه‌.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ هەندێک لە یاریزانان تووشی ڤایرۆسی ریخۆڵە هاتوون، نیشانەکانیشی بریتیین لە رشانەوە و ئازاری گەدە و ماندوویه‌تی، به‌ڵام ناوی یاریزانه‌كان ئاشكرا نه‌كراوه‌.

تا ئێستا راده‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ ناو یاریزانانی یانه‌كه‌ دیار نییه‌، به‌ڵام راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ پێداچوونه‌وه‌ی به‌ پلانی تیپه‌كه‌ی بۆ یاریی ئه‌مڕۆ كردووه‌.

ئه‌م بارودخه‌ له‌ كاتێكدایه‌، سێشه‌ممه‌ی داهاتوو 14ی شوبات، پاریس سانجێرمان له‌ چامپیۆنزلیگی ئه‌وروپا رووبه‌ڕووی یانه‌ی بایرن میونشنی ئه‌ڵمانی ده‌بێته‌وه‌.