بۆ وەرگرتنی غاز لە دهۆک دەبێت خۆت ناونووس بکەیت

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

نزیکەی هەفتەیەکە وەرگرتنی غاز لە ناو شاری دهۆک بووەتە ناونووسین، ئەگەر کەسێک داوای بۆتڵێکی غاز بکات یەکەمجار دەبێت ناوی خۆی لای ئەو شوفێرانە تۆماربکات کە غاز بۆ گەڕەگەکان دەگوازنەوە، رۆژێک یان دوو رۆژ دواتر ئینجا نوڕەی دێت بۆ ئەوەی وەریبگرێت.

ئیسماعیل رەشید، دانیشتووی گەرەکی نزارکێ لە شاری دهۆک دوای دوو رۆژ لە چاوەڕێکرن بۆ بۆتڵێک غاز، بە تۆڕی 964ی وت، “لە سەرەتای ئەم هەفتەیە پێویستمان بە بۆتڵێکی غاز بوو، تەلەفۆنم بۆ شوفێری دابەشکردنی غاز کرد، وتی ناوت دەنوسم تا نۆرەت دێت، دوو رۆژ چاوەڕێم کرد تا بۆتلێکی غازم وەرگرت بە نۆ هەزار دینار، زانیاریم هەیە هەندێک کەس سێ رۆژ چاوەڕێیان کردووە تا بۆتڵێکیان وەرگرتووە”.

لەوبارەیەوە، شوکری رەشید، نوێنەری کۆمپانیای غازی مزگین لە شاری دهۆک بۆ توڕی 964 وتی، “نزیکەی هەفتەیەکە وەرگرتنی غاز بۆ ماڵان بووەتە ناونووسین، هەرکەسێک پێویستی بە غاز بێت یەکەمجار ناوی خۆی لای ئەو شوفێرانە تۆماربکات کە غاز دەگوازنەوە بۆ گەڕەکەکان، رۆژی دواتر واتە دوای 24 کاتژمێر بۆتڵێکی غاز بە نۆ هەزار دینار وەردەگرێت”.

لەبارەی کەمی غاز و دواکەوتنی بەسەر خەڵکدا، شوکری رەشید ئاماژەی بەوە کرد، “هۆکارەکە بۆ باران و بەفر دەگەڕێتەوه، پێشتر بارهەڵگرەکانمان لە سلێمانی لە رۆژێکدا دەگەیشتنە دهۆک، بەڵام ئێستا چەند کاتژمێرێک دوادەکەون ئەمەش وا دەکات رۆژانە بڕی پێویستی غاز نەگاتە دهۆک، لەلایەکی تر خواستی خەڵک زۆربووە”.

بە قسەی شوکری رەشید، چەند رۆژێکی تر دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و بەبێ نۆرە خەڵکی دهۆک دەتوانن غاز وەربگرن.