دهۆک لە ناو بەغدا لە زەوڕای بردەوە
خولی ئەستێرەكانی عێراق
دهۆک لە ناو بەغدا لە زەوڕای بردەوە و هەولێریش دۆڕانێكی دیكەی دووچار بوو
ئەرسەلان عەبدوڵا
یانەی دهۆک ئەنجامێكی زۆر گرنگی تۆمار كرد و لە ناو بەغدا بە 2-1 گۆڵ لە یانەی زەوڕای پێشەنگی خولی ئەستێرەكانی عێراقی بردەوە، یانەی هەولێریش لە یاریگەی خۆیدا دۆڕا.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕی 26ی خولی عێراق یانەی دهۆک بە 2-1 گۆڵ لە یانەی زەوڕای بردەوە، لەو یارییەی لە یاریگەی زەوڕا كرا.
دهۆک بە 10 یاریزان یارییەكەی تەواو كرد، دوای ئەوەی لە كۆتاییەكانی گێمی یەكەم یاریزانێكی بە كارتی سوور دەركرا.
گۆڵەكانی دهۆک پیتەر گۆرگیس و یانیك زاكیری لە خولەكەكانی 34 و 66 تۆماریان كرد، گۆڵەكەی زەوڕا ئیبراهیم تۆمیوا لە خولەكی 53 تۆماری كرد.
بەم بردنەوەیە دهۆک بووە 40 خاڵ و هێشتا 5 یاری دواخراویشی هەیە و لە پلەی حەوتەمە، زەوڕاش جارێ هەر لە پلەی یەكەمە بە 52 خاڵ.
لای خۆیەوە یانەی هەولێر لەسەر ئەنجامە خراپەكانی بەردەوامە و لە یاریگەی خۆی بە 0-1 گۆڵ بە یانەی قاسم دۆڕا، تاكە گۆڵی یارییەكەش سەیف رەشید لە خولەكی 4 تۆماری كرد.
یانەی هەولێر لە 9 یاریی رابردوودا 7 یاریی دۆڕاندووە، 1 بردنەوە و 1 یەكسانبوونی هەیە.
هاندەرانی هەولێر لەسەر پەیژەكانەوە بۆ 964 قسەیان كرد و داوای دوورخستنەوەی راهێنەر دەكەن.
هەولێر دوای ئەم ئەنجامە هەر بە 32 خاڵ لە پلەی 14 مایەوە، یانەی قاسمیش بە 41 خاڵ لە پلەی شەشەمە.