پاشماوەی بۆردومانێکی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک - فۆتۆ ئاژانسی نۆرس پرێس
داوا راگرتنی دەکرێ
هەفتەی پاش بانگەوازی ئاشتی بۆردومان لەسەدا 145 زیادی کرد
ئەحمەد مستەفا
تیمی کوردستانی عێراقی CPT داتای ئەوەی کردووە، هەفتەی یەکەمی دوای راگەیاندنی بانگەوازی ئاشتی، ژمارەی بۆردومانەکان بەراورد بە دواین هەفتەی پێش راگەیاندنی بانگەوازەکە بە رێژەی %145 بۆ سەر پەکەکە زیادی کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3.4.2025، کامەران عوسمان بەرپرسی دێسکی مافی مرۆڤی لە تیمەکانی ئاشتیخوازی کۆمەڵگا، راپۆرتی تیمی کوردستانی عێراقی CPT سەبارەت بە هێرش و بۆردومانەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا بڵاوکردەوە.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT، دەڵێت سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا، 118 هێرش و بۆردومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
لە مانگی ئاداردا، سوپای تورکیا 55 هێرشی بۆسەر سنوری پارێزگای هەولێر و 51 هێرشی بۆسەر سنوری پارێزگای دهۆک و 12 هێرشیشی بۆسەر سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجامداوە.
لە کانوونی دووەمی 2025 وە تاوەکو 31ی ئاداری 2025، سوپای تورکیا بەلایەنی کەمەوە 404 هێرش و بۆردوومانی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامداوە، لە ئەنجامی ئەو هێرش و بۆردوومانانەدا، چوار هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و دوو هاووڵاتی تری مەدەنیش برینداربوون.
کامەران عوسمان بە 964ی وت، بەردەوامی هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی خستووەتە مەترسییەوە، بەتایبەت ژیانی ئەو هاووڵاتی و گوندنشینانەی کە بژێوی ژیانییان لەسەر کشتوکاڵکردنە و لە وەرزی بەهاراندا بۆ کۆکردنەوەی گژ و گیای خۆڕسک روودەکەنە چیاکان.
تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPT، داوای راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا دەکات و بانگەواز لە هەردوولای ئەو شەڕ و ململانێیانە دەکات کە لەڕێگەی بەشداری چالاکانە لە پڕۆسەی ئاشتیدا کێشە و ململانێکانییان کۆتایی پێبهێنن.