یەكشەممە بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت

حكومەتی عێراق لە رسوماتی سەر چین و توێژێكی گرنگ خۆش بوو

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حكومەتی عێراق، ئەحمەد ئەسەدی، رەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراقی راگەیاند، كە ئەو کەسانەی یاسای چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، لە هەموو رسوماتێک بەخشران، لەوانەش رسوماتی دادوەری، بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر ئەو چین و توێژە.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ چوارشەممە 2.4.2024 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی رەزامەندی دا بۆ بەخشینی ئەو کەسانەی کە یاسای چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، لە هەموو رسوماتێک بەخشران، لەوانەش کرێی دادوەری، بە ئامانجی کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر ئەو گرووپانە و ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتنیان بە دادپەروەری بەبێ بەربەستی دارایی.

لە بەرامبەردا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، فایق زەیدان، سەرجەم دادگاکان، سەرۆکایەتی دادگای فیدراڵی، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، سەرۆکایەتییەکانی دادگاکانی تێهەڵچوونەوەی راسپارد، پابەندبن بە بڕگەکانی ماددەی (25/دووەم)ی یاسای پاراستنی کۆمەڵایەتی ژمارە (11)ی ساڵی 2014، کە تێیدا هاتووە ئەو مامەڵانەی کە لەلایەن ئەوانەی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە پێشکەش دەکرێن، لە هەموو کرێیەک بەخشراون، بە کرێی دادوەریشەوە.

لای خۆیەوە سەرۆکی دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی، ئەحمەد ئەلموسەوی، روونیکردەوە، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو دەستپێدەکات، بەو پێیەی سوودمەندانی پاراستنی کۆمەڵایەتی کە دەیانەوێت پێداچوونەوە بە دادگا پەیوەندیدارەکاندا بکەن، پشتڕاستکردنەوەی بەردەوامی پێدانی هاوکارییەکەیان بۆ دابین دەکرێت، تا ئەو کاتەی ناسنامە ئەلیکترۆنییەکان دەردەچن، کە ئێستا حكومەت كاریان لەسەر دەكات.