ئاواتی منداڵیی بوو

کچە هەولێرییەک دەستی داوەتە مۆمیاکردنی پەپوولە و دەیانفرۆشێ

964+
دەشتی عارف ـ هەولێر

کچە لە هەولێر، وا سێ ساڵە کار لە مۆمیاکردنی پەپوولە دەکات و بە شێوازی جیاواز و بە بەکارهێنانی چەندین کەرەستە دەیان رازێنێتەوە، و پێشکەشی موشتەرییەکانی دەکات.

سارا جەباری، کچێکی دانیشتووی هەولێرە و تەمەنی 22 ساڵە، هەر لە منداڵییەوە پەپوولەی خۆشویستووە حەزی لە بەخێوکردنیان کردووە، ئێستاش دەستی داوەتە مۆمیاکردنی پەپوولەکان و دوکانێکی خنجیلانەی داناوە و کاری فرۆشتنی ئەو پەپوولە مۆمیاکراوانە دەکات.

کاری مۆمیا کردنەکە، لە دوو رۆژ بۆ پێنج رۆژ ماوەی دەوێت جگە لەوەی سوڕی ژیانیان کەمە، بەڵام ئەم مۆمیایە بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ جەستەیان دەهێڵێتەوە و ژمارەیەک مادە بەکاردەهێنێ، ئەو پەپولانەی قەبارەیان بچووکە زەحمەتترە کاری مۆمیاکردنەکەیان بەراورد بە پەپوولە قەبارە گەورەکان، کە کارکردن تێیدا ئاسان ترە.

سارا کە بەشداری لە فیچەرێکی 964 کردووە، ئاماژەی بەوەکرد، پەپوولەکان لە باخچەیەکی تایبەت و بەشێوەیەکی زانستی بەخێو دەکرێن و دوایی ئەوەی سوڕی ژیانی خۆیان تەواو دەکەن، دوایی مردنیان ئەو دەیانکڕێ و لای خۆی مۆمیایان دەکات.

لەرووی نرخەوە بەپێی پەپوولە و قەبارەیان جیاوازە و لە پێنج هەزارەوە دەست پێیدەکات و ئەو موشتەریانەشی حەزیان لە دیاری دەگمەن و جیاوازە، ئەگەر ئەو پەپوولەیەکی جیاوازیان بۆ دیزاین بکات نرخی ئەو جۆرانە تاوەکو 150 دۆلاریش خەرجی دەبێ.

کڕیارەکانی سارا زیاتر چینی گەنجانن، وەکخۆی دەڵێ لە تەمەنی 18 ساڵییەوە بۆ 32 ساڵی زۆرترین ئەو کەسانەن کە داوای مۆمیاکردنی پەپوولە یان دیزاینێکی نوێ مۆمیاکراوی پەپوولە دەکەن، بۆ ماڵەکانیان یان ئۆفیس و باڵەخانەکانیان دەیانکڕن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا