پۆلیسی دهۆک:

“پێنج كەسمان بەهۆی رووداوەكانی یاریی دهۆک و زاخۆ دەستبەسەر كردووە”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، لەسەر رووداوەكانی یاریی شەوی رابردووی نێوان دهۆك و زاخۆ، پێنج كەس هاتنە دەستبەسەركردن، لێكۆڵێنەوەش لە رووداوەكە بەردەوامە و بڕیاری دەستگیركردن بۆ چەند كەسێكی دیكەش دەرچووە.

وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆک هێمن سلێمان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 31.3.2025 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، بەهۆی رووداوەكانی شەوی رابردوو، كە دوای یاریی نێوان یانەی دهۆک و یانەی زاخۆ، گرژی و شەڕ دروست بوو، تا ئێستا پێنج کەس دەستبەسەر کراون.

وتیشی، لێكۆڵینەوەكان لە بارەی رووداوەكان بەردەوامن و فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەند كەسێكی دیكەش دەرچووە.

هێمن سلێمان ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی روویداوە دوورە لە گیانی دۆستایەتی نێوان خەڵكی دهۆك و زاخۆ و ئەوانەی بوونەتە هۆكاری ئەو كێشەیە، رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە، جا گرنگ نییە هەر كێ بێت و لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت، تەنانەت ئەندامی یانەكان بن، یان میدیاكاریش بن.

“نایەڵین حەز و ئامانجی ئەو كەسانە بێتەدی، كە دەیانەوێت دووبەرەكی و دوژمنایەتی لە نێوان خەڵكی دهۆک و زاخۆ دروست بكەن، چونكە ئێمە و خەڵكی زاخۆ یەكین و بە كولتوور تێكەڵی یەكترین”، هێمن سلێمان وای وت.

شەوی رابردوو یاریی دهۆک و زاخۆ لە خولی تۆپی پێی ئەستێرەكانی عێراق لە یاریگەی دهۆک كرا و یانەی خاوەن یاریگە بە 1-0 گۆڵ بردییەوە، لە دوای یارییەكە هەندێك ئاژاوە دروست بووە و یاریزانێكی یانەی زاخۆ لە لایڤێكی تیكتۆكدا وتی، لە لایەن پۆلیسی دهۆكەوە بە دار لێیاندراوە، هەروەها دەگوترێت سووكایەتی بە خەڵكی زاخۆ و هاندەرانیان كراوە لە لایەن هاندەرانی دهۆكەوە، هەرچەندە هاندەرانی زاخۆ بە فەرمی لە یاریگە نەبوون و پێشتر رێككەوتن كرابوو لە نێوان هەردوو یانە، هاندەرانی زاخۆ ئامادەنەبن بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێت، هاوكات لە قۆناغی یەكەمی خولەكەش كاتێك یاریی نێوانیان لە یاریگەی زاخۆ كرا، هاندەرانی دهۆک لەوێ ئامادەنەبوون.

یانەی زاخۆ لای خۆیان تووڕەن و رایانگەیاندووە سكاڵا لەسەر یانەی دهۆك و راهێنەرەكەیان و چەند لایەنێكی دیكە تۆمار دەكەن.

ئیشەكە گەورە بوو، یانەی زاخۆ سكاڵا لەسەر یانەی دهۆک و ر...

ئیشەكە گەورە بوو، یانەی زاخۆ سكاڵا لەسەر یانەی دهۆک و راهێنەرەكەی تۆمار دەكات