کورت و پوخت
شەوى رابردوو تا ئەم بەرەبەیانییە چى روویدا؟
964+
وریا فەتاح
ئەوەی پێویستە بیزانیت؛ هەواڵەکان بە کورتی و پوختەی گرنگترین پێشهاتەکانی کوردستان، ناوچەکە و جیهان لە چەند کاتژمێری رابردوودا، 964 لەم چەند دێڕەدا بۆی کۆکردوونەتەوە:
📌درەنگانی شەوی رابردوو وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند: بەهۆی كێشەیەكی تەکنیکییەوە لە هێڵەكانی گواستنەوەی كارەبا گرفتی كوژانەوەی گشتی كارەبا روویداوە و بەیانی ئەمڕۆش دۆخی کارەبای هەولێر و دهۆک ئاسایی بووەوە، دوای ئەوەی تیمەکانیان توانییان ئەو کێشە تەکنیکییە چارەسەر بکەن کە شەوی رابردوو ببووە هۆی کوژانەوەی گشتیی کارەبا لەو دوو پارێزگایە.
📌گەڕەکێکی کەرکوک ماوەی زیاتر لە 20 رۆژ بێکارەبان، شەوی رابردوو لە بێکارەبایی بەشێک لە دانیشتووانەکەی گردبوونەوە و وەکو ناڕەزاییەتیش تایەیان سووتاند.
📌بەرەبەیانى ئەمڕۆ، مەبەست سەردار، رۆژنامەنوس و کامێرامان بە رووداوى هاتوچۆ، لە شارى سلێمانى کۆچى دوایى کرد.
📌سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، بڕیاریدا ئەمڕۆ، بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە تەواوی دامودەزگا حکومییەکانی عێراقدا بکرێتە پشووی فەرمی.
📌عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، ترەمپ بەردەوام دروشمی “ئاشتی لە رێگەی هێزەوە” دووبارە دەکاتەوە، ئەوەش واتە یاسای جەنگەڵ.
📌سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی دایە وڵاتێکی ناوچەکە کە لە ئەگەری هاوکاریکردنی دوژمن بۆ داگیرکردنی هەر دوورگەیەکی وڵاتەکەی، تەواوی ژێرخانە هەستیارەکانیان بێ سنوور خاپوور دەکەن.
📌وڵاتانی کوێت، ئیمارات، بەحرەین، سعودیە، قەتەر و ئوردن لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران و گروپە پاشکۆکانیان بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە کرد و پەیامێکیان ئاراستەی عێراقیش کرد کە ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانن.
📌وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ پەکخستنی تواناکانی ئێران لە پێش کاتی دیاریکراوە و هۆشداری دا ئەگەر تاران دان بە شکستدا نەنێت، سەرۆک ترەمپ هێرشی زۆر قورستریان دەکاتە سەر.
📌دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: سەرکردەکانی ئێران دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن، بەڵام لەبەردەم گەلەکەیاندا حاشای لێدەکەن.
📌تۆڕی هەواڵی “سی ئێن ئێن”ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، کە ئێران خۆی بۆ هێرشێکی ئەگەریی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی خارگ ئامادە دەکات.
📌رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ هەوڵ دەدات لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ ئێران بهێنێت و بە یاریدەدەرەکانیشی راگەیاندووە کە دەیەوێت بە خێرایی کۆتایی بەو شەڕە بهێنرێت.
📌ئەمڕۆ نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا، دەچێتەوە دادگای نیویۆرک بۆ ئەوەی هەوڵ بدات تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لەسەر خۆی لابدات، ئەم کارەشی دوای ئەوە دێت کە کێشەیەکی یاسایی و سیاسی لەسەر ‘دابینکردنی پارە بۆ پارێزەرەکانی’ دروست بووە.
📌لانا نوسەیبە، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات، هۆشداری دا لە لێکەوتەکانی رەفتارەکانی ئێران لەسەر ئابووریی جیهان و جەختی کردەوە کە دەبێت رێڕەوە گرنگەکانی وزە و زنجیرەکانی دابینکردن بپارێزرێن.
📌دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند کە لە 14 و 15ـی مانگی 5ـی داهاتوودا سەردانێکی فەرمی بۆ چین ئەنجام دەدات و لەگەڵ شی جین بینگی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، ئەوەش وەک گۆڕینی کاتی سەردانێک کە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە دواخرابوو.
📌مەسعەد بۆڵس، گەورە راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری عەرەبی و ئەفریقی، جەختی کردەوە کە سوپای سوودان رۆژی هەینی رابردوو نەخۆشخانەی فێرکاری “ئەلدەعین”ی لە ویلایەتی رۆژهەڵاتی دارفۆر بۆردومان کردووە و بەهۆیەوە 64 کەس کوژران و نزیکەی 100 کەسی دیکەش بریندار بوون.
📌براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی ئەمریکا سەرکردایەتییان دەکات، بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی هەڵدانی درۆن و موشەکە ئێرانییەکان بە رێژەی %90.