"چاوەڕێی رەحمی خودا دەکەم"

بۆ دەرمانی كیژۆڵە نەخۆشەکەی ماتۆڕەکەی فرۆشتووە و بێکار بووە

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

محەمەد قاسم، باوكێكی تەمەن 42 ساڵە و بۆ لەكۆڵنانی خەمی كچە نۆ ساڵانەكەی، ژیانی خۆی کردووەتە قوربانی و دەستبەرداری كەسابەتی رۆژانەشی بووە.

محەمەد لە كفری لەدایکبووە و بە بێ دایك و باوكی لە كەلار گەورە بووە، ماوەی پێنج ساڵە بۆ كەسابەت رووی لە سلێمانی كردووە و لەگەڕەكی تانجەڕۆ نیشتەجێیە، بۆ كڕینی دەرمانی كیژۆڵە نەخۆشەکەی، ماتۆڕە سێتاییەكەی كە رۆژانە كەسابەتی پێكردووە، فرۆشتووە و ئێستا بێ كار و كەسابەت بەدیار خەمەكانی رۆڵەكەیەوە، لەماڵەوە ئۆقرەی گرتووە.

لەبارەی گوزەران و ژیانی رۆژانەیان، محەمەد قاسم باوكی مەڕوا بە 964ـی وت، “بارودۆخی ژیانمان هیچ باش نییە، كرێچیم و خەرجی شەش سەر خێزانم لەسەر شانە، یەكێك لە منداڵەكانم نەخۆشی سەر جێگایە و چاوەڕێی رەحمی خوا دەكەم”.

محەمەد قاسم چیرۆكی نەخۆشكەوتنی كیژۆڵەكەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، “لە ساڵی 2019 بەهۆی ئاژاوە و كێشەی خێزانیی لەگەڵ هاوسەرەكەم، منداڵەكەم نەخۆش كەوتووە و تووشی خەمۆكی بووە، بۆ چارەسەر بردوومە بۆ ئێران و دكتۆرەكان وتیان لەماوەی ساڵێكدا چارەسەری دەكەین، پێویستە دوو مانگ جارێك سەردانی ئەو وڵاتەی پێ بكەم بۆ وەرگرتنی چارەسەر، هەرجارێكیش پێویستی بە بڕی 850 هەزار دینارە، دەستخستنی ئەو بڕە پارەیەش بۆ من  قورسە و چاوەڕێی هیمەتی خێرخوازانم”.

“بەهۆی نەخۆشییەكەیەوە منداڵەكەم داوای هەموو شتێك دەكات، بەڵام لەتوانامدا نییە تەنانەت جلوبەرگی جەژنیشیان بۆ بكەم”، باوكی مەڕوا وای وت.

وەك باسی دەكات، ژیان خۆشبەختی لێسەندووەتەوە و هەموو ئاواتیشی چاكبوونەوەی کچەکەیەتی، تاوەكو جارێكی دیكە بچێتەوە بەر خوێندن كە ماوەی سێ ساڵە بەهۆی نەخۆشییەكەیەوە لە هاوڕێكانی دابڕاوە.

پێداچوونەوە: شۆرش قادری

بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان رێگایەکی دوور و درێژی بڕیو...

بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان رێگایەکی دوور و درێژی بڕیوە و خێزانەکەی جێهێشتووە