دیمەنی شەقامێک لە کاتی بارانبارین _ وێنە: 964
فێنک دەبێت و ماڵی سەیرانە
کەشی رۆژانی جەژن تەڕ و باراناوی دەبێت
964+
شۆڕش قادری
کەشی رۆژانی جەژن تەڕ و باراناوی دەبێت، بەڵام خەمتان نەبێ ماڵ بەماڵەکەتان لێ تێکنادات و دەتوان بە دڵی خۆتان بگەڕێن و جەژنە پیرۆزە بکەن.
محەمەد کەمال شارەزای کەشناسی بە 964ـی وت، “لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە، شەپۆلێکی بارانبارینی بەهاریی روو لە ناوچەکانی کوردستان دەکات و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، لەو ماوەیەشدا پلەی گەرما نزیکەی سێ پلە دادەبەزێت”.
روونیشیکردووە، لە بەیانی رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو تا ئێوارە کە پێدەچێت یەکەم رۆژی جەژن بێت، ناوبەناو باران دەبارێت و بارانی بەخوڕ نابێت و خەڵک دەتوانن بە کەیفی خۆیان بگەڕێن، بەڵام لە ئێوارە و شەوی یەکشەممەوە تا ئێوارەی رۆژی دووشەممە شەپۆلەکە بەهێز تر دەبێت، لە هەندێک شوێن تاوەباران دەبێت و هەورەبروسکەشی لەگەڵ دەبێت.
بەقسەی محەمەد کەمال رۆژی سێشەممە خۆرەتاو دەبێت و لە بەشێک لە ناوچەکانی کوردستان جاربەجار باران دەبارێت، بەڵام لە رۆژی چوارشەممە دیسان بارانبارین دەستپێدەکاتەوە و لە ئێوارەدا کۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو شەپۆلەدا زۆرترین باران لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دەبارێت، دوای ئەوانیش لە سنووری سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین دەبێت، لە چوار بۆ 35 ملم بارانیش لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەبارێت.