چەند شوێنێکی دیکەش ئاگادارکرانەوە

پێنج خانوو و چەند باخچەیەکی زیادەڕۆ لە رانیە تێکدران


رێباز عەزیز – راپەڕین

شارەوانی رانیە هەڵمەتێکی بۆ لابردنی زیادەڕۆیی دەستپێکرد و پێنج خانوو و چەند باخچەیەکی تێکدا.

سەربەست عوسمان لێپرسراوی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانی رانیە بە 964ـی وت، “کۆمەڵێک هاوڵاتی خانوو و باخچەیان بە زیادەڕۆیی دروستکردبوو لەسەر ئەو زەویانەی کە موڵکی گشتین و تاپۆ نەکراون، ئێمەش هەستیان بە تێکدانی ئەو شوێنانە و زیادەڕۆییەکانمان لابردن”.

“لەماوەی یەک هەفتەدا پێنج خانوو و چەند باخچەیەکمان تێکدا کە بە نایاسایی و بۆ چاندنی سەوزە لەسەر موڵکی گشتی دروستکرابوون”، سەربەست عوسمان وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک بینا و باڵەخانەی دیکە لە رانیە دروست کراون کە تاپۆیان هەیە، بەڵام خاوەنەکانیان نەچوون بۆ ئەوەی رێکارە ئیداری و یاساییەکان تەواو بکەن، بۆیە ئاگاداریان کردوونەتەوە و ئەگەر لەزووترین کاتدا کاروبارەکانیان نەکەن، رووبەڕووی یاسا دەبنەوە.

بەپێی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2018ـی دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی گشت یان بەشێک لە شەقام و شۆستەکان و گۆڕەپان و شوێنە گشتییەکان بەشێوەیەکی کاتی یان بەردەوام بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، بە زیادەڕۆ هەژمار دەکرێت و سزای دارایی 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن دیناری دەبێت، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەشی، سزاکەی قورستر دەبێت بە بەندکردن بۆ ماوەی سێ مانگ.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری