پێنجوێن ئەزمونێکى نوێى ژینگەیى تاقى دەکاتەوە
دارى کێوى لە دوورگەى نێوان شەقامەکان دەچێنن
کامیار کەمال- پێنجوێن
ژینگەدۆستانى پێنجوێن، ئەزمونێکى نوێ تاقى دەکەنەوە و دارى کێوى لە دوورگەی نێوان شەقامەکانی شار دەچێنن.
غەریب مستەفا، سەرۆکی گروپی درەخت لە پێنجوێن بە 964ـى وت،” رووخسەتیان لە لایەنی پەیوەندیدار خواستووە بۆ هێنان و چاندنی دارى کێوى لە دوورگەى نێوان شەقامەکانى شار”.
دارەکان لە جۆرى مازو و بەڕوون، کە تایبەتن بە سروشتى کوردستان و لە شاخ و شوێنە سەختەکانى کوردستانیان سەوز کردووە و بەرگەى کەشوهەواى سارد و گەرم دەگرن.
وەک ئەوەى باسى دەکات، ئەو ژمارەدارەى چاندوویانن ئەزمونین، ئەگەر سەرکەوتووبن، لە داهاتوودا لە دەروازەى شار دەیچێنن.
“دەمانەوێت لەو رێگەیەوە دارە سروشتییەکان تێکەڵ بە شار و شەقامەکان بکەین، چونکە ئەو دارانە رەمزى سرووشى کوردستانن”، غەریب مستەفا واى وت.
گورپی درەخت، کە پێشتر لەژێر ناوی گروپی “نەمان” چالاکی دەکرد، گروپێکی ژینگەدۆستن لە پێنجوێن و ساڵانە بە هەزاران نەمان دەچێنن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح