١١١ پارچەزەویی بەخشراوە

لە گوندی دولێجان ژن بێنەو زەوییەکی ٢٥٠ مەتریت مسۆگەرە

میدیازان – عەمار عەزیز – هەولێر

لە گوندی دولێجانی سەر بە قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک هەر گەنجێک ژن بێنێت و شوێنی نیشتەجێبوونی نەبێت، ئاغایەکی دانیشتووی گوندەکە پارچە زەوییەکی بێ بەرامبەر دەداتێ و تا ئێستا ١١١ پارچەزەویی ٢٥٠ مەتریی بەخشیوە.

زەید محمەمەد فارس ئاغا، ئەو کەسەیە زەوییەکان دەبەخشێت و لە ساڵی ٢٠١١ـەوە ئەو کارە لە گوندی دولێجان دەکات، کە لە ٤٢٠ خێزان پێک دێت. 

زەید محەمەد فارس، ئاغای گوندی دولێجان بە میدیازانی وت: “بەهۆی کێشەی نیشتەجێبوونی خێزانەکان ئەو بڕیارەم داوە، تا ئێستا ١١١ پارچەزەویی ٢٥٠ مەتریم بە گەنجان بەخشیوە.”

وتیشی: “ئەو کارەی من دەیکەم تەنیا بۆ خوایە، هیچ مەبەستێکم پێ نییە و ئەمە هاوکارییەکی بچووکە بۆ ئەو گەنجانەی کە تازە هاوسەرگییریان کردووە. تا لە ژیانیشدا بم بەردەوام دەبێت.”

مێژووی دروستکردنی گوندەکە بۆ ساڵی ١٩٦٢ دەگەڕێتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٠ ژمارەی ماڵەکان ١٦٠ بووە و ئێستا بووەتە ٢٧٠ ماڵ.

سەلمان محەمەد چاوشین، مۆختاری گوندی دولێجانە بە میدیازانی ڕاگەیاند: هەریەک لەو پارچەزەوییانە لە لایەن حکومەتەوە تۆمار دەکرێن و زەید محەمەد فارسیش دەستبەرداری خاوەندارێتییەکەی دەبێت.

“کاتێک ساڵی ٢٠١٨ هاوسەرگیریم کرد ماڵەوەمان زۆر قەرەباڵغ بوو، ئاغای گوند پارچەزەوییەکی ٢٥٠ مەتریی پێدانم و منیش کردمە خانوو، ئەگەر وا نەبووایە ڕەنگە بە ئاسانی زەوییەکەم بۆ نەکڕدرایە”، شڤان سادق، یەکێک لە گەنجەکانی گوندی دولێجان وای بە میدیازان وت.