چەکی بێ مۆڵەت کە دەستی بەسەر داگیراوە
بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ 964
بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت کاری پێدەکرێت و بە هەزاران کەسیش دەستگیرکراون
شۆڕش قادری
لە یەک هەفتەی رابردوودا دوو کەیسی کوشتنی بەکۆمەڵ لە کوردستان روویانداوە و بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە کوردستان بەردەوام کاری پێدەکرێت و بەهەزاران کەسیش دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.3.2025 هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بە 964ـی وت، “تاوانی کوشتنی بەکۆمەڵ لە هەموو وڵاتانی جیهان هەیە و بەداخەوە لە کوردستانیش خەریکە دەبێت بە دیاردە و ئەوەش پەیوەندی بە زۆر بابەتەوە هەیە کە دەبێت لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت”.
هەر کەس چەکی بێ مۆڵەتی بەدەستەوە بگیرێت، بەدڵنیاییەوە دەدرێتە دادگا و زیندانیی دەکرێت
سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە کوردستانیش، هێمن میرانی وتی، “هەر کەس چەکی بێ مۆڵەتی بەدەستەوە بگیرێت، بەدڵنیاییەوە دەدرێتە دادگا و زیندانیی دەکرێت، لە چەند ساڵی رابردووشدا بەهەزاران کەس لەسەر ئەو بابەتە زیندانی کراون”.
هەرچەندە لە ساڵی 2022ـەوە وزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە بە دەستبەسەرداگرتنی چەک بێ مۆڵەت و داخستنی ئەو شوێنانەی چەکی بێ مۆڵەت دەفرۆشن، بەڵام دیاردەی کوشتن و خۆکوشتن بەچەک لە کوردستان هەر بەدی دەکرێت و دوو کەیسی کۆمەڵکوژیش، لە یەک هەفتەی رابردوودا هاوڵاتیانی تاساند کە یەکێکیان لە هەولێر بوو و شەوی 13 لەسەر 14ـی ئەم مانگە، پزیشکێک لە گەڕەکی فەرمانبەران خەسوو و خەزوور و هاوسەر و خوشکی هاوسەرکەی دایەبەر دەستدڕێژی گولـلە و کوشتنی، بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە گوندى گرێزەى سنوورى سەیدسادق کوڕێک بە چەکی کڵاشینکۆف پێنج ئەندامى خێزانەکەى کوشت و دواتریش کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.