"تەندروستی جێگیرە"
دڵی لەلێدان کەوت بەڵام ژیانی بۆ گەڕێندرایەوە
964+
شۆرش قادری
لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر، هاوڵاتییەک بۆ چەند ساتێک دڵی لە لێدان کەوت، بەڵام ژیانی بۆ گەڕێندرایەوە و لە مردن رزگار کرا.
هاوڵاتییەکی تەمەن 50 ساڵ لەناکاو سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگاری کردووە، دوای ئەوەی لە سنگیدا هەستی بە ئێش و ئازار کردووە، هەر لە کاتی هێڵکاری دڵ، یەکسەر دڵی لە لێدان دەکەوێت، بەهەوڵ و ماندوبوونێکی زۆری تیمی بوژاندنەوەی دڵ، فریاگوزاری پێشکەوتووی بۆ ئەنجام دەدەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ڤیدیۆکەی بڵاوکردووتەوە و دەڵێت، دوای هەوڵی تیمەکانی بەشی بوژاندنەوەی دڵ لە نەخۆشخانەی رزگاری، بە کاتێکی کەم دڵی ئەو هاوڵاتییە دەستی بەلێدان کردووتەوە و هۆشی گەڕاوەتەوە سەرخۆی.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەستبەجێ دەرمانی چارەسەری جەڵتەی دڵی پێدراوە و تیمێک پێکهاتووە لە پزیشک و کارمەند و شۆفێر و گوازراوەتەوە بۆ سەنتەری دڵ، لەوێ قەستەرەی دەمارەکانی دڵی بۆ ئەنجام دراوە و ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.