خاوه‌ن حه‌وزێك: هه‌ڵمه‌ته‌كه دادپه‌روه‌رى تێدا نییه
هەڵمەتی روخاندنی حەوزی ماسی لە خورماتوو دەستیپێکرد
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان ده‌ستى به‌هه‌ڵمه‌تێك كردووه بۆ تێكدانى حه‌وزه ماسییه‌كانى سنوورى قه‌زاى خورماتوو، چونكه ده‌ڵێت بە زێدەڕۆیی دروستکراون و بونەتە هۆکاری کەمبونەوەی رێژەی ئاو له سنووره‌كه.
ئەحمەد خەیروڵا، بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی خورماتوو بە 964ـی وت، بەپێی بڕیارێكی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان تیمەکانیان لە تەواوی سنورەکە هەستاون بە روخاندنی حەوزە ماسییه‌كان.
وتیشی “هه‌ڵمه‌ته‌كه ئه‌و حه‌وزانه ده‌گرێته‌وه كه زێده‌ڕۆن و مۆڵه‌تیشیان نییه و تاوه‌كو ئێستا زیاتر لە 20 حەوزی ماسیمان تێكداوه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، لەرابردودا چەندینجار خاوەنی حەوزه‌كان ئاگادار کراونەتەوە، كه نه‌مانى حه‌وزه‌كانیان بەمەبەستی زیادبوونی ئاوی خواردنەوە و ئاودێریكردنى کشتوکاڵە.
مه‌ریوان سلێمان، خاوەنی حەوزی ماسیە و بە 964ـی وت، لە هەڵمەتەکەدا سێ حەوزیان تێکدراوە و نیگەرانیشن و چونكه ده‌ڵێت هه‌ڵمه‌ته‌كه دادپه‌روه‌رى تێدانییه و هه‌موو حه‌وزه‌كانى نه‌گرتووه‌ته‌وه.
وتیشی “چەندین جار داوامان كردووه مۆڵەتمان پێبدرێت بەڵام داواکاریەکەیان رەتکردوینه‌تەوە”.
لەسنوری قەزای خورماتوو نزیکەی 100 حەوزی ماسی هەیەو لەو ژمارەیەش نزیکەی 10 کەسیان خاوەن مۆڵەتی حکومەتن و ئەوانی تر به زێدەڕۆ دروستكراون، بەپێی زانیارییەکانی 964یش لەسەرەتای مانگی چواری ئەمساڵەوە هەڵمەتەکە فراوان ده‌بێت و سەرجەم شارەکانی عێراق و هەرێمیش دەگرێتەوە.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن