دیمەنی بەشی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان - وێنە: وەزارەتی کارەبا
رەنگە جاربەجار پچڕانی تێکەوێ
لە سبەینێوە تا سێشەممە سلێمانی بەردەوام کارەبای دەبێت
شۆڕش قادری
لە سبەینێوە تا رۆژی سێشەممە وەزارەتی کارەبا تاقیکردنەوە بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە سنووری سلێمانی ئەنجام دەدات و چەند شوێنێک بەردەوام کارەبایان دەبێت، بەڵام جاربەجاریش ئەگەری پچڕانی هەیە.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، “لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بە دیاریکراوی لە سەنتەری شاری سلێمانی هەڵدەستین بەئەنجامدانی تاقیکردنەوەی فشاری سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە سبەینێ شەممە 15.3.2025 کاتژمێر 10 تاقیکردنەوەکە دەستپێدەکات تا رۆژی سێشەممە 18.3.2025 بەردەوام دەبێت و لەم نێوەدا کارەبای نیشتیمانی بەردەوام کارا دەبێت، بەڵام پێدەچێت لە هەندێک شوێن، پچڕانی نەخوازراوی کارەبا رووبدات”.
روونیشیکردووەتەوە، ئەو تاقیکردنەوەیە رێکارێکی رۆتینییە بۆ تۆڕی کارەبا ئەنجام دەدرێت بە ئامانجی دۆزینەوە و دیاریکردنی کێشە و خاڵە لاوازەکانی سەر تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکردووە، تاقیکردنەوەکە هەموو گەڕەکەکانی ناوشار ناگرێتەوە و سنوردارە لە چەند شوێنێکی دەستنیشانکراو.