دوو کەسی گوندی دوو گۆمان خەریکی دابەشکردنی گۆشتەکەن وێنە: 964
داوا لە خودا دەکەن باران ببارێت
گوندی دوگۆمان لەپشدەر 87 سەر مەڕ و بزنیان کرد بە خێر
964+
محەمەد عەلی ـ پشدەر
بەهۆی کەمبارانییەوە دانیشتووانی گوندی دوگۆمان لە پشدەر 87 سەر مەڕ و بزنیان کرد بەخێر، دەڵێن مەبەستیان تەنیا رەزامەندی خودای گەورەیە بۆ ئەوەی لە وشکە ساڵی و دەرد و بەڵا رزگاریان بێت و بارانی بەڕەحمەت ببارێت
مەغدید محەمەد، دانیشتوویەکی گوندی دوگۆمان بە 964ـی وت، ئەمساڵ کەمێک نەبێت باران نەباری ئاوابڕوات دەغڵ و دان کەڵکی نابێت، بەوهۆیەوە بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکەمان 87 مەڕ و بزنیان کردە خێر و سەدەقە لەپێناو رەزامەندی خودای گەورە.
وتیشی، لەمزگەوتەوە پڕۆژەیەکی خێرکردنی لەوجۆرەمان راگەیاندووە کەهەرکەسێک ویستی لەوخێرە بەشدار بە کۆمەڵ خێرەکە دەکەین، بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکەمان بەشدارییان کرد لەمزگەوت خێر و سەدەقەکەمان ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی گۆشتەکە 1120 کیلۆگرام بووە، هەر دانیشتوویەکی گوندەکە 750 غرام گۆشتی بەرکەوتووە، بەشێوەیەکی یەکسان دابەشکراوە، لەبەر ئەوەی دانیشتووانی گوندەکە زۆرە خێرەکە بەشی دەرەوەی گوندەکەی نەکردووە تەنیا لەناو گوندەکە دابەشکراوە.
گوندی دوگۆمان نزیکی حەوت کیلۆمەتر لە ناحیەی سەنگەسەرەوە دوورە، دانیشتووانەکەی نزیکەی 300 ماڵەو 1600 کەسی لێ دەژی، بۆبژێوی ژیانیان بەکاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی