سێ ساڵ بەسەر رووداوەكەدا تێپەڕی
ئەو شەوەی بە 12 موشەكی بالیستیی ئێرانی ماڵەكەی شێخ باز وێران کرا
964+
ژووری هەواڵ
دوانزە دەنگی بەهێزی یەک لە دوایەک هەولێریان هەژاند، لە خامۆشیدا شار لەرییەوەو کەس نازانێت چیبووە، ئەم رووداوە سێ ساڵ لەمەوبەرو بەدیاریکراوی لە درەنگانێکی شەوی 13ی ئازاری 2022 روویدا، ماوەیەکی ویست تاخەڵک تێگەیشت ئەمە هێرشی ئێرانە بۆ سەر ماڵی شێخ باز بەرزنجی سەرمایەداری دیاری شارەکە.
ئەوساڵە ئێران لەوپەڕی هێزو باڵادەستی خۆیدا بوو، لە هەر جێیەکی تر زیان بە بەرژەوەندییەکانی بگەیشتبایە، لە هەولێر تۆڵەی بۆ دەکردەوە.
بەماوەیەکی کەم دوای هێرشەکە دەزگای دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند 12 موشەکی بالیستی لە دەرەوەی سنورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی هەولێر کراون، هەر دوای ئەوە سوپای پاسدارانی ئێران خۆی کرد بە خاوەنی هێرشەکان و لە راگەیەندراوێکدا وتی ”ناوەندی بەڕێوەبەرایەتیی پیلان و شەڕانگێزییەکانی زایۆنیزم”ی کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەو ناوەندە ئێرە بوو، ماڵی شێخ باز لەسەر رێگای هەولێر – پیرمام.
ماڵە گەورەکەی شێخ باز لەژێر زەبری موشەکەکاندا خاپوور بوو، بە رێکەوتێکی سەیر خۆی و ماڵ و منداڵی دەرباز بوون.
دوای رووداوەکە موستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق لەگەڵ مەسرورو بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان چوونە شوێنی رووداوەکەوەو هەر لەوێ خاوەن ماڵ لەبەرچاوی میدیاکاندا هەموو بانگەشەکانی ئێرانی بەدرۆخستەوەو داوایکرد لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی پێکبێت بۆ دەرخستنی راستییەکان
شێخ باز شێخ کەریم بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کار گروپە کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە لە هەرێمی کوردستان، پیاوێکی خێرەومەندو دەست و دڵ باشەو بە دەیان پرۆژەی خێرخوازی کردووەتەوە، نموونەی نەخۆشخانەی منداڵان و خانەی بەساڵاچووان، ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئەرکی خۆی چەندین پرۆژەی ستراتیژی گەورەی دروستکردووە هاوشێوەی بەنداوی بەستۆرە، رێکخراوێکی خێرخوازیشی هەیە بەردەوام دەستی بە خەڵکەوەیە.
ئەوکات حکومەتی عێراقی بەڵێندا دەست لە دۆسێکە هەڵنەگرێت و واقەراربوو کەیسەکە بباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سکاڵا لە ئێران بکات، بەڵام دوای سێ ساڵ ئەوەش نەکراو بەردێکی لەسەر داندرا.
هەر ئەو جارە نەبوو، ئێرانی دۆست و دراوسێ چەند جارێک گورزی لە هەرێم وەشاند، چونکە دەیزانی ئاسانترین ئامانجە داخی خۆی پێ بڕێژێت.
سەیر ئەوە بوو شوێنی هێرشەکە تەنیا یەک کیلۆمەترو 300 مەتر لە کونسوڵخانەی ئەمریکییەوە دوور بوو، بەڵام ئەمریکاو کونسوڵخانەکەی بێدەنگ بوون و هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو.
ساڵانی رابردوو لەم رۆژەدا ئێران و گروپەکانی نزیک لە ئێران بە شانازییەوە یادی ئەم هێرشەیان دەکردەوە، بەڵام ئەمساڵ لێی بێدەنگن و هیچ ناڵێن.
سەرچاوەیەکی قسە رۆیشتوو لە حکومەتی عێراقی بە 964ی وت: ئێستا بارودۆخی ئێران جیاوازەو نایەوت هیچ بڵێت، هێزە نزیکەکانی نزیک لە ئێرانیش ئاوات دەخوازن کەس ئەم هێرشەو باقی هێرشەکانی دیکەی بیر نەبێت و رۆژی 13ی مانگ وەک رۆژێکی ئاسایی تێبپەڕێت..