"بۆ پەرەپێدانی رۆڵی ژنان لە ئابووریدا"
پێشانگایەک بۆ 25 خانمی خاوەنکار لە هەڵەبجە کرایەوە
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
بۆ پاڵپشتی خانمانی خاوەنکار و پیشاندانی بەرھەم و بەھرەکانیان، پێشانگایەک بۆ 25 خانمی خاوەنکار و بەھرەمەند لە هەڵەبجە کرایەوە.
ئەژین ھیدایەت، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە 964ـی وت، “کۆمەڵێک گەنجین کە سەرپەرشتی ئەم پڕۆژەیە دەکەین، ھەوڵمانداوە ئەو خانمانە بەشداری پێبکەین کە تازە دەستیان بە ئیشی خۆیان کردووە و بوونەتە خاوەنکار، یان ئەوانەی کە لە ماڵەوە کار دەکەن و کەمتر بەھرەکانیان بینراوە”.
بە وتەی ئەژین ھیدایەت، بەھۆی سنوورداری لایەنی ماددییەوە، تەنھا ئەمڕۆ و تا کاتژمێر 10ـی ئەمشەو، پێشانگاکە بەردەوامی دەبێت و ناتوانن بۆ رۆژانی داھاتوو بەردەوامی پێبدەن.
شەیدا سەیاد، کە بە بەرھەمی جوانکاری خانمان بەشداری کردووە و خۆی لە ماڵەوە بەرھەمەکانی دروست دەکات، بە 964ـی وت، “لەم جۆرە پێشانگەیانەدا جگە لەوەی بەرھەمەکانمان بە خەڵکی دەناسێنین، کاردانەوەی خەڵکیش سەبارەت بە بەرھەمەکانمان وەردەگرینەوە کە تا چەند سوودیان لە بەرھەمەکانمان وەرگرتووە”.
ئەم پێشانگایە لە چوارچێوەی کەمپەینی (پەرەپێدانی رۆڵی ئافرەتان لە ئابووریدا بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی بەھێزتر) لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی ھەڵەبجە و رێکخراوی تواناسازی ئافرەت سەرپەرشتی دەکرێت و بە پاڵپشتی ماددی حکومەتی بەریتانیا، ئەنجامدراوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری