دەست بەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکان _ وێنە: قایمقامیەتی شارەزوور
خەڵکیان نیگەران کردبوو
لە شارەزوور پێنج ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێک دەستیان بەسەرداگیرا
964+
ئەحمەد مستەفا
لیژنەی ئەمنی شارەزوور، دەستی بەسەر پێنج ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسکیلێک گرت، کە خەڵک نیگەرانیان دەربڕیوە لەوەی شەوانە بێزاریان دەکەن.
قایمقامیەتی قەزاکە دەڵێت، دوای ئەوەی لە چەند شەوی رابردوو کۆمەڵێک ئۆتۆمبێل و ماتۆرسکیل بوونەهۆی بێزارکردنی هاوڵاتیان، توانرا ئەمشەو 11.3.2025، لەلایەن، هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ دەستیان بەسەردا بیگرێ.
رێکارە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و لیژنەی ئەمنی بووە، لەو هەڵمەتەدا دەست بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆرسکیلێکدا گیراوە، قایمقامیەت دەڵێ، رووبەروی یاسایان دەکەینەوە.
چەند شەوێک پێش ئێستا هاوڵاتیەکی گەڕەکی رۆژئاوای شارەزوور دیمەنێکی بۆ 964 نارد و وتی، ئەمە پێشبڕکێ و دیمەنی مامەڵەی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلە کە تەواو بێزاریان کردووین، کات و ساتیان بۆ نییە.
ئەو وتی، هەندێکجار لە ترسی ئەوان ئۆتۆمبێلەکانمان دەبەینە ژوورەوە و لە شەقامەکە دووری دەخەینەوە، خەویشیان لێ حەرام کردووین و مەترسی بۆ ژیانی خۆمان و منداڵەکانمان هەیە، باسی لەوەشکرد، دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە داوا دەکەن لایەنی پەیوەندیدار چارەسەرێکیان بۆ بدۆزێتەوە.