ئەو ئۆتۆمبێلانەی بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە بەکاردێن. فۆتۆ: خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر
"پەیوەندی بە ئێمەوە نییە"
ژینگەپارێزی هەولێر: ژمارەیەک سەگی بێلانە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کۆکراونەتەوە
964+
ژووری هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر رایگەیاند، ژمارەیەک سەگی بێلانە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کۆکراونەتەوە و ئەوە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە 11.3.2025، بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر رایگەیاند، لە تۆرەکانی سۆشیال میدیا گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبوەتەوە کە تێیدا بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و ناتەندروست سەگی بێلانە کۆدەکرێتەوە، ئەو کارە پەیوەندیی بە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بەرێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی و شەلتەری شاری هەولێر نیە.
“ئێمە رۆژانە لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە کە تابلۆی شینی شارەوانییان پێوەیە، بەشێوەیەکی زۆر مرۆڤانە هەڵدەستین بە کۆکردنەوەی ئاژەڵە بێلانەکان وە دەیانگوازینەوە بۆ شەلتەری شاری هەولێر، تەنها لەم دوو ئامێرە بەرپرسین”، بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر وا دەڵێت.
پێشتر، حەسەن ئیسماعیل بەڕێوبەری شەڵتەری ئاژەڵە بێلانەکانی هەولێر بە 964ـی وت، لە 27.9.2023ـەوە و لەو کاتەوەی شێڵتەرەکەیان کردووتەوە، 12 هەزار سەگیان لەناو سەنتەری شار و دوو هەزار دانەشیان لە دەوروبەری شاری هەولێر کۆکردووتەوە، لەو ژمارەیە شەش هەزار سەگیان نەزۆک کردووە و لە ناوچەکانی دەرەوەی شاری هەولێر بەڕەڵایان کردوونەتەوە.