مامۆستایەکى ئاینى روونى دەکاتەوە
سەگەکەى هەولێر بۆ سحر و جادوو پێستى لێکراوەتەوە
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆى لاشەى سەگێک کە پێستى لێ داماڵراوە و پەلەکانى لێکراوەتەوە، دەنگدانەوەى بەدواداهات، مامۆستایەکى ئاینیش دەڵێت،”بۆ سحر و جادوو وایان لێدەکرێت”.
لاشەی سەگەکە لە رێگای نێوان گوندی داڵداغان و قۆریتان لەسنوورى شارى هەولێر لەسەر زبڵدانێک فڕێدراوە، 964 شوێنەکەی دۆزیەوە و دواتر سەردانی هەریەک لە بەرێوەبەرایەتی ناحیەی شەمامک و بنکەی پۆلیسی شەمامکی کرد تاوەکو لەو بابەتە ئاگاداریان بکاتەوە، دوایی ئەوەش تیمیک لە هێزی ئەمنی لەگەڵ 964 چوونە شوێنەکە و بینیان سەگێک بە کەوڵکرای و بەبێ پەل لەوێ کەوتووە، دواتر تیمەکانی شارەوانی راسپێردران بەپاککردنەوەی شوێنەکە.
د.عیماد گوانی، مامۆستایی ئاینی، لەبارەی ئەو حاڵەتەوە بۆ 964 دوا و وتی، “ئەو کەسەی دەیەوێت سحر بکات هێزێکی پیسە و بە پیسیش کاردەکات، بەردەوام دەیەوێت شتێک بکات کە پێچەوانی قسەکانی خوا و پێغەمبەر بێت، لەرووی ئیسلامیشەوە سەگ پیسە بۆیە ئەوە بەکار دەهێنن بۆ رازی کردنی گەورەکانیان”.
بەپێی یاساکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سحر کردن تاوانە و ئەو کەسەشی کە سحر و جادوو دەکات تووشی سزا دەبێت کە بریتیە لە گرتن و پێبژاردن، ئەمە جیا لەوەی لەرووی دینیشەوە یەکێکە لە گوناهە گەورەکان.