ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بووە
سەدان بارهەڵگر لە بازگەی دێگەڵە لە نۆرەدا وەستاون
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
بەسەدان بارهەڵگر لە بازگەی دێگەڵە لە نۆرەدا وەستاون، بە جۆرێك تا ناو ناحیەکە درێژبوونەتەوە و ئاستەنگی هاتوچۆیان لەسەر رێگای هەولێر – کۆیە دروست کردووە.
بەشێکی زۆری ئەو بارهەڵگرانە چەند کاتژمێرێکە لە نۆرەدا ماونەتەوە و چاوەڕێی دەربازبوون دەکەن، شۆفێرانیش هۆکارەکەی بۆ خاوی کارەکانی پشکنینی بازگەی دێگەڵە دەگەڕێننەوە.
عەلی سابیر شۆفێری یەکێک لە بارهەڵگرەکان بە 964ـی وت، “زیاتر لە کاتژمێرێکە لە نزیک دێگەڵە وەستاوین و چاوەڕێی رۆیشتن دەکەین، هۆکارەکەی بە دیاریکراوی نازانین چییە، بەڵام کارەکانی پشکنین لە بازگەکە بەخاوی بەڕێوەدەچێت، بۆیە ناچارین لەسەر ئەو شەقامانە بوەستین کە زۆربەمان باری قورسمان پێیە و ئەگەری رووداوی نەخوازراویش هەیە”.
بەهۆی ئەوەی هاتوچۆی زۆربەی تانکەر و بارهەڵگرەکان بە رێگای کۆیە بۆ هەولێردایە، زۆرجار ئاستەنگی هاتوچۆ لەسەر رێگاکە دروست بێت و رووداوی هاتوچۆ و نەخوازراویشی لێدەکەوێتەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری