"بەئەنقەست شکێنراون"

لەسەر رێگای شۆڕش – چەمچەماڵ نزیکەی 60 نەمام شکێندران

شۆڕش قادری

“کە گوڵ نی دڕکیش مەبە”، ئەم پەندە کوردییە پڕ بەپێستی ئەو کەسانەیە کە لەسەر رێگای شۆڕش – چەمچەماڵ نزیکەی 60 نەمامی تازە پێگەیشتوویان شکاندووە.

بورهان عەبدوڵا سەرۆکی شارەوانی شۆڕش بە 964ـی وت، “شەوی هەینی لەسەر شەممەی رابردوو، چەند کەسێکی نادیار و دژی ژینگە و سروشت، لەسەر رێگای گشتی شۆڕش – چەمچەماڵ هەستاون بە شکاندنی نزیکەی 60 نەمام”.

“زۆربەی ئەو نەمامانە لە جۆری تووی زۆر باش بوون و هەرنەمامێک دوو مەتر بۆ دوو مەتر و نیو بەرزبوون”، بورهان عەبدوڵا وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە، بەردەوامە و لەگەڵ ئاشکرابوونیان، رووبەڕووی یاسا و سزایان دەکەنەوە.

سەبارەت بەوەی کە پێدەچێت منداڵ و مێردمنداڵ ئەو کارەیان کردبێت، سەرۆکی شارەوانی شۆڕش وتی، “منداڵ ناتوانێت ئەو کارە بکات چونکە نەمامەکان گەورە بوون و بەدڵنیاییەوە بەئەنقەست شکێنراون”.

تۆ کە ناتوانێ خزمەت بە سروشت و ژینگە بکەی و نەمام بچێنی، بۆ ئەو جۆرە کارانە دەکەیت و چ سوودێکت دەست دەکەوێ؟!