کەمپی نوێی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی _ وێنە: بەشی ئەندازیاری UOS
بەهۆی خراپی بارودۆخی داراییەوە
لە ژمارەیەک بەشی زانکۆی سلێمانی خوێندکاران دەوام ناکەن
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
هەفتەیەكە، بەشێكی زۆر لە خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی لەدەستپێكی وەرزی دووەمی خوێندنەوە بایكۆتیان كردووە و نەگەڕاونەتەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن، وتەبێژی زانكۆی سلێمانی دەڵێ، “هەر خوێندكارێك ئامادەی هۆڵەكانی خوێندن نەبێت و لەرێژەی یاسایی خۆی تێپەڕێت، بەكەوتوو هەژمار دەكرێت”.
لەناو كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی، تەنیا لە بەشی پزیشكی گشتی، بایۆلۆجی و یاسا دەوامی فەرمی ئاساییە، هەموو بەشەكانی دیكە بایكۆتیان كردووە، لەكەمپی نوێش هەریەك لە كۆلێژەكانی، زانستە مرۆڤایەتیەكان، زانستە رامیارییەكان، پەروەردەی بنەڕەت، زمان، وەرزش و ئەندازیاری پابەندی دەوامی فەرمی نابن.
زانكۆی سلێمانی لە 21 كۆلێژ و 85 بەش پێكهاتووە و خاوەنی نزیكەی 25 هەزار خوێندكاری بەكالۆریۆسە.
ئاكام عەلی، خوێندكاری بەشی زمانی كوردییە لە زانكۆی سلێمانی و قسەی بۆ 964 كردووە و وتی، ئێمە بەگیرفانی بەتاڵەوە توانای خوێندنمان نییە، باوك و كەسوكارمان ماوەیەكی زۆرە موچەیان وەرنەگرتووە و ئەوەش كاریگەری زۆری لەسەر ئێمە هەیە، دوای كۆتایی هاتنی پشووەكان و دەستپێكردنەوەی وەرزی دووەم، ماوەی هەفتەیەكە پابەندی دەوام نین و بڕیاری بایكۆتمان داوە.
“راگرایەتی زانكۆ و سەرۆك بەشەكان لەرێگەی نوێنەرەكانمانەوە هەڕەشەی ئیجرائات دەكەن، پێیان وتوین هەر خوێندكارێك ئامادەی دەوام نەبێت بەكەوتوو هەژمار دەكرێت” ئەو خوێندكارە وا دەڵێت.
لەبارەی راستی و دروستی ئەو دەنگۆیەوە ئەمڕۆ هەینی، 7.3.2025 د. یۆهان عوسمان، وتەبێژی زانكۆی سلێمانی بە 964ی وت، بەفەرمی دەوام لە زانكۆی سلێمانی دەستیپێكردووەتەوە، مامۆستایان دەچنە هۆڵەكانی خوێندنەوە و لەئەگەری ئامادەنەبوونی خوێندكاران هەنگاوی یاسایی دەگرنەبەر و ئامادەبوون وەردەگرن، ئەمەش شتێكی جیاواز نییە و لەهەموو ناوەندێكی خوێندن بەو شێوەیەیە و رێكارێكی ئاساییە.
“هەر خوێندنكارێك بەرێژەی %15 ئامادەی وانەكانی نەبێت ئەوا لەو وانەیە بەكەوتوو هەژمار دەكرێت، بەپێی سیستەمی خوێندنی زانكۆكانی هەرێم پێویستە خوێندكار بۆ هەر سیمستەرێك 30ects وەربگرێت، ئەگەر لەو رێژەیە 16ects ئامادەنەبوو ئەوا لەو قۆناغە دەمێنێتەوە بۆ ساڵی داهاتوو” یۆهان عوسمان وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا