کۆبونی بەنزین و برنج و زۆر شتی دیکەی تێدایە
لە مزگەوتێکی هەولێر دوای نوێژی تەراویح خەڵات دەبەخشن
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
شەوانە لە مزگەوتی حاجی بارۆ گەردی هەولێر، دوای نوێژی تەراویح، کۆمەڵێک پرسیار دەخەنەڕوو و دوای وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، خەڵاتی جۆراوجۆر دەبەخشنە نوێژخوێنان کە کۆبونی بەنزین و برنج و زۆر شتی دیکەی تێدایە.
مامۆستا علی تاهر پێشنوێژی مزگەوتی حاجی بارۆ گەردی بە 964ـی وت، “چەند ساڵە ئەو دابونەریتەمان لە مزگەوت دانایە و خەڵات دەبەخشینە نوێژخوێنان، ئەوەش زۆر گرنگە بۆ راکێشانی گەنجان و هاوڵاتیان بۆ مزگەوت، بەتایبەتیش لە مانگی رەمەزاندا”.
“هەروەک لە بازرگانی و توجارەتدا، کەسی بازرگان دیاری دەبەخشێ بۆ راکێشانی موشتەرییەکانی، دەبێ لە بواری ئایینیشدا ئەو کارە بکرێت بۆ راکێشانی خەڵکی زیاتر بۆ عیبادەت”، مامۆستا عەلی تاهر وای وت.
باسی لەوەشکرد، لە پێدانی خەڵاتەکان منداڵانیشیان لەبیر نەکردووە و ئۆتۆمبێلی بچوکیان پێدەبەخشن، هەروەها خەڵاتەکان بەرماڵ و کۆبۆنی بەنزین و برنج و شتی دیکەشی تێدایە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری