لە بەردەڕەش
سەگی بێلانە پەلاماری منداڵێکی سێ ساڵانیان دا
964+
هێڤی دێوالی-دهۆک
لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش سەگی بێلانە پەلاماری منداڵێکی تەمەن سێ ساڵانیان دا، وتەبێژی تەندروستیی بەردەڕەش دەڵێت، کەمێک لەمەوبەر بەهۆی سەختی بڕینەکە منداڵەکە رەوانەی نەخۆشخانەی قەزای ئاکرێ کرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە2025.3.4 لە کاتی بەربانگی مەغریب منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان سەگی بێلانە پەلاماریان داوە و بە سەختی برینداریان کردووە، خانەوادەکەی منداڵەکە دەگەیەننە فریاکەوتنی قەزای بەردەڕەش بۆ وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی.
نەشوان بەرزنجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی قەزای بەردەڕەش بە 964ـی وت، منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان گەیەندراوەتە فریاکەوتنی بەردەڕەش، کە بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانەوە بریندار بوو.
وتیشی، چارەسەری سەرەتایی بۆ منداڵەکە کرا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکانی باری تەندروستی ناجێگیر بوو، رەوانەی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی قەزای ئاکرێ کرا.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا