800 ژنی بۆ پیاوی کورد هێناوە
بۆ دۆزینەوەی ژن رێگەی ئۆکرانیاش تاقی دەکاتەوە
دەشتی عارف ـ هەولێر
سەردار عەبدوڵا، کە هەشت مانگ پێش ئێستا 964 لە تیک تۆک دۆزییەوە، ئیشەکەی فراوان بووە، ئەو کە خاوەنی نوسینگەی هاوسەرگیرییە لە هەولێر، خەریکی هێنانی ژنی عەرەبە بۆ پیاو و گەنجی کورد.
ئەو بە تایبەت کار لە هێنانی ژنی سووری دەکات و تاوەکو ئێستاش 800 کچی سوری بەشوداوە.
سەردار عەبدوڵا، خاوەن نوسینگەی هاوسەرگیری، قسەی بۆ 964کرد و وتی، لەئێستادا راستەوخۆ لە عێراقەوە ناتوانیت بچێت بۆ سوریا، بۆیە لە رێگەی لوبنانەوە خۆی دەگەیەنێتە ئەو وڵاتە.
لەبارەی حکومی نوێی سوریاش دەڵێت، پێشووتر بەهۆی ترسەوە وڵاتانی عەرەبی زۆر نەدەهاتن بۆ سوریا تاوەکو ژنی سوری بخوازن، بەڵام لەدوایی روخانی بەشار ئەسەد ئێستا زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی بەمەبەستی خواستنی ژنی سوری روودەکەنە سوریا.
لەبارەی نرخ و خەرجی ژنەکانەوە سەردار دەڵێت، هەر ژنێکی سوری بای حەوت بۆ هەشت وەرەقە زێر و جلی دەوێت و تەواو خەرجیەکە هەر ئەوەندەیە، بەڵام ئەگەر ئاهەنگی بۆ بکەی لەوانەیە زیاتری تێبچێت.
بەهۆی نەرم و نیان و خۆشەویستی زۆریان بۆ پیاوان و داوانەکردنی زێر و پارەی زۆر ئێستا لە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی وەکو ئوردن و سعودیە دەچنە سوریا تاوەکو ژنی سوری بخوازن، سەردار پلانی وایە، تا ئۆکرانیاش پڕۆژەکەی فراوان بکات، ئەو وتی، برادەری لەوێ هەیە و دەچێت بۆ هێنانی ژن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا