150 رۆژى پێدەچێت

شەقامێکى قەرەباڵغى سلێمانى رووناک دەکرێتەوە

964+

وریا فەتاح

شەقامى سەرەکى چاڤى لاند رووناک دەکرێتەوە و 33 بنکەى ستوونى دوو باڵى بۆ دادەنرێت و بڕیارە لە 150 رۆژدا پڕۆژەکە تەواو بکرێت.

کارەباى سلێمانى بڵاوى کردەوە،شەقامی سەرەكی چاڤی لاند لەسەر شەقامی مەلیك مەحمود تا فولكەی بەرزاییەكانی سلێمانی، تۆڕی رووناكی نوێ و هاوچەرخی بۆ دادەنرێت.

وەک باسى دەکات، لە ئێستادا بەشی سێیەمی شەقامەكە لە فولكەی بەرزاییەكانی سلێمانی تا شاری دایك، لە قۆناغی جێبەجێكردندایە کە 33 بنكەی ستونی (دوو باڵ)ـی بۆ دانراوە و بە تەواوبوونی پرۆژەكەش جگە لەوەی سیمایەكی جوان بەشەقام و ناوچەكە دەبەخشێت بۆ پاراستنی گیانی شۆفێر و پیادەڕەو گرنگە بەو پێیەی ناوچەیەكی گەشتیارییە.

ئەندازیار زانیار حمە شێخ فەرەج، سەرپەرشتیاری پرۆژەكە رایگەیاندووە، بەشی سێیەمی پرۆژەكه‌ لە رۆژی 21.1.2025ـەوە دەست بەكاربوونی بۆ كراوە و كاركردن تیایدا بەردەوامە و بڕیارە لە ماوەی 150 رۆژ تەواو ببێت.

بودجەی پرۆژەكە بریتیە لە 171 ملیۆن و 664 هەزار دینار و لەلایەن كۆمپانپای ساوس كوردستان دابینكراوە و هەر خۆشی جێبەجێی دەكات و لەلایەن بەشی رووناكی و ئەندازەی شارستانی بەڕێوەبەرایەتی گشتییەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

” لە داهاتوودا بەشی یەكەم و دووەمی شەقامەكە ئەو ستونانەی كەئێستا هەیە لادەبرێن و وەك بەشی سێیەم تۆڕی رووناكی نوێی بۆ دادەنرێت، تا بەدرێژایی شەقامەكە لە شەقامی مەلیك مه‌حمود تا فولكەی بەرزاییەكانی سلێمانی یەك جۆر ستون و پێكهاتەی رووناكی بێت”، ئەو ئەندازیارەى کارەباى سلێمانى واى وتووە.

کارەبای سلێمانی شەقامێکی نوێ رووناک دەکاتەوە

کارەبای سلێمانی شەقامێکی نوێ رووناک دەکاتەوە