"کەباب بە دەست دەدرێت لە شیش"
عیرفانی وەستا محەمەد لە هونەرەوە بۆ خاوەن چێشتخانە
964+
دیلان محەمەد- سلێمانی
عیرفانی وەستا محەمەد فڕی بەسەر خواردن دروستکردنەوە نییە و چێشتخانەش دەکاتەوە، بەنیازیشە قاپەکانیش بە عومەرە بچکۆل بشوات.
لە سۆشیال میدیا دەنگۆ هەبوو عیرفانی وەستا محەمەد چێشتخانە دەکاتەوە، 964 لەگەڵ بیستنی ئەم هەواڵە خۆی گەیاندە سیتەک لە سلێمانی کە شوێنی چێشتخانەیەکەتی و دەمەتەقێیکیشمان لەگەڵ کرد و پێی وتین، هەزار کەڕەت بەخێربێن، کەباب نازانم دروست بکەم بەس دەزانم بە دەست لە شیش دەدرێت، ئەگەر برنجەکەشم بۆ بشۆنەوە و رۆن و پیازەکە حازر بکەن حەتمەن برنجەکەشم خۆش دەردەچێ، بەمپێیە هەرزوو کەشفی کرد تەنیا سەرۆکایەتی دۆخەکە دەکات و فڕی بە خواردن دروست کردن نییە.
عیرفان باسی لەوەکرد، یەکەم رۆژ بڕیاریداوە دەعوەتی منداڵە هەتیوەکانی خانەی بێسەرپەرشتان بکات لەگەڵ ژینگەپارێزەکان، چونکە خۆی دەردی بێ باوکی دیوە و دەزانێت چەند بە ئازارە.
پەیامنێری 964 دەڵێت، لە چێشتخانەکەی کەباب و قاز و کەڵەشێر و ماسی و خواردنە کوردەوارییەکان بەردەست دەبێ، وەک عیرفان خۆشی باسیکردووە گشتی بە دار ئامادە دەکرێت و ژنانیش ریز دەبەستن و کوردەواریانە نان دەکەن.
پێداچوونەوەی: پەری ساڵح