کێڵگەیەکى نەوت لە هەرێمی کوردستان _ وێنە: ئاژانسەکان
ئامادەن
ئەپیکۆر: هیچ رێکەوتنێک نییە ئەمڕۆ نەوت هەناردە بکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان “ئەپیکۆر”، ئامادەن بۆ سەرلەنوێ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمی کوردستان، بەڵام هیچ رێککەوتنێکى نوێ بۆ هەناردەکردنەکە لە ئەمڕۆدا لە ئارادا نییە.
“ئەپیکۆر” لە پێگەی خۆی و لە تۆڕی ئێكس لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، کۆمپانیاکانی ئەندامی “APIKUR” ئامادەن دەستبەجێ دەست بە هەناردەکردن بکەنەوە هەر کە رێککەوتنی فەرمی کرا بۆ دابینکردنی گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەکردنی رابردوو و داهاتوو، کە لەگەڵ مەرجە یاسایی و بازرگانییە گرێبەستییەکانی ئێستاماندا بگونجێت.
باسیان لەوەشکردووە، تا ئێستا لەم بارەیەوە هیچ پەیوەندییەک بە کۆمپانیاکانی ئەندامی کۆمەڵەی “ئەپیکۆر” نەکراوە و کۆمپانیاکانی ئەندامی “ئەپیکۆر” هیچ رێککەوتنیان نییە، کە ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ئەمڕۆدا.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی، 28-02-2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی رایگەیاند، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەى کۆمپانیاى سۆمۆوە رادەگەیەنین.
وەک باسى دەکات، لە هەنگاوی یەکەمدا، کۆمپانیای سۆمۆ رۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە دەکات.
رۆژى 2ـى ئەم مانگە، ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، دەنگیدا بە هەموارى یاساى بودجە ى گشتى فیدڕاڵى بۆ ساڵانى دارایى و 2023 و 2024 و 2025، بەپێى مادەى 12 لە هەموارى یەکەمى یاساى بودجە کە تایبەتە بە تێچووى نەوتى هەرێم، رێگەدەدات لەو رۆژە بەدواوە هەناردەى نەوتى هەرێم لە بەندەرى جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە.