خەلەکان
هاوڵاتییەک لە كارێكی خێرخوازیدا گیانی لەدەست دا
964+
عەزیز عەبدوڵا- دوکان
هاوڵاتییەك بۆ كاری خێرخوازی لە مزگەوتێكی ناحیەی خەلەكان كاری كردووە، بەڵام كارەبا گرتوویەتی و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
ئارام عەبدوڵا، کەسوکاری ئەو هاوڵاتییەیە، كە گیانی لەدەستداوە، بە 964ی وت، ماوەی چەند رۆژێک دەبێت هەڵمەتی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورەی خەلەکان لە لایەن گەنجان و خێرخوازانی سنوورەکەوە دەستی پێکردووە، رۆژانە هاوڵاتیان خۆبەخشانە دێن و هەریەکەو ئیشێک دەكەن.
وتیشی، ئەمڕۆ گەنجێک بەناوی هێمن عەبدوڵا، کە تەمەنی 42 ساڵە و کارمەندە لە بنکەی پۆلیسی ناحیەی خەلەکان، لە کاتی بۆیاخکردنی ستارەی مزگەوتەکەدا لەناکاو کارەبا لێیدا، دوای گەیاندنیشی بە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گیانی لەدەست دا.
راشیگەیاند، ئەو شوێنەی کاری تێدا دەکرد، حەوت مەتر بەرز بووە، بەڵام کاتێک ئەو کاری کردووە کارەبا نەبووە، لە ناکاو کارەبا هاتووەتەوە و دەسکی ماسیحەکەی بەر کارەباکە کەوتووە، بەهۆیەوە كارەبا لێیداوە و کەوتووەتە خوارەوە، زەبرێکی زۆریش بەر سەری کەوتبوو.
هەروەها وتی، دوای گەیاندنی بە بنکەی تەندروستی خەلەکان و وەرگرتنی چارەسەری سەرەتای رەوانەی نەخۆشخانەی شار كراوە لە شاری سلێمانی، بەڵام بەهۆی سەختی ئەو زەبرەی بەری كەوتبوو، لەوێ گیانی لەدەست دا.
بەپێی زانیارییەكانی 964 لەو هاوڵاتییەی وەرگرتووە، هێمن عەبدوڵا خێزاندارە و باوكی چوار منداڵە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا