شەربەتی ئامادەکراو کە لە رەمەزانان خواستی لەسەرە. فۆتۆ: تەندروستیی هەڵەبجە
چوار زانیاریان لەسەربێت
تەندروستیی هەڵەبجە: لە رەمەزاندا خورما و شەربەتی بێ لەیبڵ قەدەغەیە
964+
ژووری هەواڵ
بەشی چاودێریی تەندروستی و سەلامەتیی خۆراکی هەڵەبجە ئەو رێنماییانەی بڵاوکردەوە کە دەبێت بازرگان و خاوەن فرۆشگاکان لە مانگی رەمەزاندا پێوەی پابەند بن و دەڵێت، ئەگەر پابەند نەبن سزا دەدرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.2.2025، بەشی چاودێریی تەندروستی و سەلامەتیی خۆراکی هەڵەبجە بازرگان و خاوەن فرۆشگاکان ئاگادار دەکاتەوە کە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا شەربەت، شیرینی بەهەمووجۆرەکانیەوە، خورما و هەر خۆراکێکی تر پێویستە لەیبڵی لەسەر بێت، بەپێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
“پێویستە شوێنی دروستکردن و گواستنەوە و کۆگاکردن و فرۆشتنی خواردنەکان لەڕووی تەندروستییەوە گونجاوبێت”، بەشی چاودێریی تەندروستی و سەلامەتیی خۆراکی هەڵەبجە وا دەڵێت.
دەبێت خواردنەکان ئەم زانیاریانەش لەخۆ بگرێت:
1 – ناوی خۆراکەکە.
2 – ناو و ناونیشانی کارگە و شوێنی دروستکردنی.
3 – ژمارەی مۆڵەتی تەندروستی کارگەکە، واتە شوێنی دروستکردنی دیاربێت و لەژێر چاۆێری تەندروستیدابێت.
4 – بەرواری دروستکردن و بەسەرچوونی خۆراکەکە.
لەیبڵ هەندێک زانیاری لەخۆدەگرێت کە بە نووسراو دەدرێت لە خۆراکەکە و روونیدەکاتەوە کە پێکهاتەکانی ناو خۆراکەکە چین و لەکوێ دروستدەکرێت.