بۆچی ناتوانین پێشبینی بومەلەرزە بکەین؟

964+

هێمن بەکر

ئەگەرچی هەزاران ساڵە مرۆڤایەتی دەست و پەنجەی لەگەڵ لەرزینی زەوی نەرمکردووە، کە ئەوە زیانێکی بێشووماری گیانیی لێکەوتووەتەوە، بەڵام هێشتا هیچ تەکنیکێکی بۆ پێشبینیکردنی بومەلەرزە نییە.

بومەلەرزەش هەروەکو دەردی شێرپەنجە و پیربوون هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، چونکە هێشتا ناتوانین پێشبینی روودانی بکەین بەهۆی یەک هۆکاری ئاشکرا، کە ئەویش هەزاران هاوکێشەی نهێنی لە خۆی دەگرێت.

هۆکارە ئاشکراکە بریتیە لە “ئاڵۆزیی پێکهاتەی زەوی”، ئەو ئاڵۆزییە وایکردووە، تاوەکو ئێستا هیچ رێگایەکی زانستیی پەی پێ نەبرابێت بۆ پێشبینیکردن.

وێنەیەکی نمونەیی بۆ پێکهاتەی زەوی لە چەقەوە بۆ بەرگ

لە رووی زانستییەوە، بومەلەرزە بریتیە لە کەوتن و پێکدادانی چینەکانی ژێرەوەی زەوی، بەتایبەت لەو ناوچانەی پلێتەکانی جێگیر نین و لەسەر یەک راکشاون.

پێکهاتەی ژێرەوەی زەوی لە هەر ناوچەیەکدا جیاوازە، هەر شوێنێک پێکهاتەیەکی دەگمەنی هەیە بەراورد بە یەکێکی دیکە.

چینە لێکچووەکانی ژێرەوەی زەوی، بە هۆکاری جیا لەیەک دوورکەوتوونەتەوە و چینی نامۆ هاتووەتە نێوانیان کە رەنگە بخلیسکێت

دکتۆر دان فاوڵکنەر، توێژەر لە بواری چینە بەردەکانی ژێر زەوی لە زانکۆی لیڤەرپول دەڵێت، “بۆ ئەوەی نزیکببینەوە لە پێشبینیکردنی بومەلەرزە، پێویستە داتای تەواوی رووبەری زەویمان هەبێت لە ئەمسەرەوە بۆ ئەوسەر، لە ژێرەوە بۆ سەرەوە و لە چەقەوە بۆ رووکارەکەی، بەڵام ئەوە هێشتا کۆنەکراوەتەوە، تەنانەت ئەگەر هەشمان بێت، ئەوا هێشتا رەنگە نەتوانین بە تەواوەتی پێشبینی بکەین”.

دکتۆر دان فاوڵکنەر لەناو سروشت و بەرد و شاخەکان وێنەی گرتووە

کاتێک چینە بەردەکان دەشکێن لە ژێر زەوی، گازێک پەیدا دەبێت کە بە “رادۆن” ناسراوە، ئەو گازە دەبێتە هۆی هەڵکشان و داکشانی ئاستی ئاوی دەریا و زەریاکانی نزیک بە چەقی بومەلەرزەکە.

حاڵی حازر لە ژاپۆن و وڵاتانی دەوروبەری کە زۆرترین بومەلەرزە تێیاندا روودەدات، جۆرە ئامێرێک داهێندراوە بۆ هەستکردن بەو گازە، بەڵام هێشتا نەتواندراوە سیستمێک بدۆزرێتەوە کە زووتر لە 30 چرکە بەر لە گەیشتنی لەرزینەکە بۆ رووکاری زەوی خەڵکی ئاگادار بکاتەوە، کە بە 30 چرکەش کەس فریای هیچ ناکەوێت و تەنانەت هەواڵەکە ناگات بە هەمووان.

سێ چینی زەوی دەردەکەوێت، لە رووکارەوە تاوەکو 10 کیلۆمەتر قووڵی گازی رادۆن درووست دەبێت

لە تەواوی مێژووی تۆمارکراودا، تەنیا یەکجار بومەلەرزە پێشبینی کراوە، ئەویش لە ساڵی 1975 لە شاری هاژینگی چین، کاتێک رۆژێک بەر لە روودانی، خەڵکەکە ئاگادارکرانەوە و بەوەش ژیانی هەزاران کەس لە مردن گەڕایەوە.

ئەو پێشبینییە لەسەر ئەساسی کۆمەڵێک زانیاریی بوو لەسەر بومەلەرزە بچوکترەکانی چەند رۆژ و هەفتەی رابردووی ناوچەکە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو، ئەو پێشبینییە نە دووبارە بووەوە و نە تواندرا بۆ بومەلەرزەکانی دواتر پشتی پێببەسترێت، چونکە پاش ساڵێک و لە 1976، لە شاری تانگشانی نزیک بە هاژینگ بومەلەرزەی 7.5 پلەی رێختەر روویدا و نزیکەی چارەکە ملیۆنێک خەڵکی کوشت.

دیمەنێک لە ئەرشیڤی شاری هاژینگ لە چین، 1975، کە دەردەکەوێت بەشێکی زۆر لە باڵەخانەکان داڕووخاون، بەڵام کەمترین کەس گیانیان لەدەستدا

زاناکانی بواری زەویناسیی و بومەلەرزەزانی خەریکی توێژینەوەی زیاترن بۆ ئەوەی بە دیاریکراوی بتوانن کات و شوێنی بومەلەرزەی بەهێز دەستنیشان بکەن، بەڵام پێناچێت بەمزووانە ئەو ئامانجەیان بێتەدی.