بەشێکیان دەرمانی قاچاخیان فرۆشتووە

لە سنووری سۆران 26 نۆرینگە و دەرمانخانە و تاقیگە داخراون و سزادراون

شۆڕش قادری

لەماوەی ئەم مانگەدا 26 نۆرینگە و دەرمانخانە و تاقیگە لە سنووری ئیدارەی سۆران داخراون و سزا دراون کە بەشێکیان دەرمانی قاچاخیان فرۆشتووە.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران، ئەمڕۆ سێشەممە 25.2.2025 لیژنەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای چۆمان، بەڕێوەبەرایەتی KMCA ، سەندیـــكای دەرمانسازان، ئاسایشی چۆمان و نوێنەری داواکاری گشتی، سەردانی دەرمانخانە و نۆرینگە و تاقیگەکانی قەزای چۆمانیان کردووە.

لە ئەنجامی ئەو پشکنین و بەدواداچوونەدا 12 نۆرینگە و دەرمانخانە و تاقیگە لە چۆمان داخراون و سزادراون کە بەشێکیان دەرمانی قاچاخ و رێپێنەدراویان هەبووە و بەشێکیشیان بێ مۆڵەت بوون.

ئەو شوێنانە ئەمانەی خوارەوەن:

1ـ نۆرینگەی سۆما داخرا بە هۆی هەبوونی دەرمانی قاچاغ و رێپێنەدراو

2ـ تاقیگەی زانست داخرا بە هۆی نەبوونی مۆلەت و هەبوونی دەرمانی سرۆشتی رێپێنەدراو

3ـ دەرمانخانەی چیای هەلگورد داخرا بە هۆی بوونی دەرمانی قاچاغ و درێژخایەن

4ـ نۆرینگەی نزا داخرا بەهۆی بوونی دەرمانی ماوەبەسەرچوو و درێژخایەن

5ـ نۆرینگەی جەمال رەسول داخرا بەهۆی بوونی دەرمانی حکومی

6ـ تاقیگەی باغی چۆمان داخرا بەهۆی نەبوونی مۆلەت

7ـ ددانسازی نیگا داخرا بەهۆی نەبوونی مۆلەت و پزیشکی ددان

8ـ ددانسازی ڤانێست داخرا بە هۆی نەبوونی مۆلەت و پزیشکی ددان

9ـ پزیشکی ددانی شیفا داخرا بە هۆی نەبوونی مۆلەت و پزیشکی ددان

10ـ نۆرینگەی چارەی ددان داخرا بە هۆی نەبوونی مۆلەت و پزیشکی ددان

11ـ نۆرینگەی چرا داخرا بە هۆی بوونی دەرمانی قاچاغ

12ـ نۆرینگەی پزیشکی ددان داخرا بە هۆی نەبوونی مۆلەت و پزیشکی ددان.

بەپێی ئامارێک کە 964 لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران وەریگرتووە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا تا ئێستا 26 دەرمانخانە و تاقیگە و نۆرینگە لە سنووری ئیدارەی سۆران داخراون و سزا دراون.