دیمەنی ئۆتۆمبێلێکی دۆندرمە فرۆش وێنە: سۆشیاڵ میدیا
قایمقامیەتی رانیە:
ئەزبەری و دۆندرمە فرۆشتن تا 1ـی نیسان قەدەغەیە
964+
ژێوار خدر
ئەگەر ئۆتۆمبێلی دۆندرمە و ئەزبەریت پێیە و ئەوە کار و کەسابەتتە هەتا 1ی نیسان بیر لە فرۆشتنیان مەکەوە، چونکە قایمقامیەتی قەزاکە دەڵێت، رێگەپێدراو نییە و رێکاری یاسایی توند دەگیرێتە بەر بۆ ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن.
لە ئاگاداریەکدا کە قایمقامیەتی قەزای رانیە بڵاویکردووەتەوە هاتووە دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک تاکو بەرواری 1.4.2025 ەێگە پێدراو نییە هیچ ئۆتۆمبێلێکی گەڕۆک، ئەزبەری و دۆندرمە لەبەردەم قوتابخانە و کوچە و کۆڵانەکانی شاردا بفرۆشن، چونکە خواردنە ساردەکان لەم وەرزەدا زیانیان هەیە بۆ تەندروستی منداڵان.
دەشڵێت، دڵنیانین لە کوالێتی و شێوازی ئامادەکردنیان و رێژەی تام و رەنگە دەستکردەکان.
داواش لە هاوڵاتییان دەکات، لەکاتی بینینی ئۆتۆمبێلەکانی دۆندرمە لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی (0770 859 3000) ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر ئەو سەرپێچیکارانە بگرنەبەر.
روونیشیکردووەتەوە، دوای بەررواری 1ی نیسانیش، پیشەوەران پێویستە سەردانی قایمقامیەتی قەزای رانیە بکەن، بۆ ئەوەی رێنماییان پێبدەن لەسەر شێوازی ئامادەکردنی بەرهەمەکان بە لەبەرچاوگرتنی و رێکارە تەندرووستیەکان و شوێنی ئامادەکردنی بەرهەمەکان.