دیمه‌نێكی كۆبوونه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شوێنه‌وارى هه‌رێم له‌گه‌ڵ پڕۆفیسۆره به‌ریتانییه‌كه ... وێنه: شوێنه‌وارى هه‌رێم.
تایبه‌ته و بۆ هه‌موو هاوڵاتیان نییه
ئه‌پڵیكه‌یشنێكی نوێ بۆ چاودێری پێگه شوێنه‌وارییه‌كانى هه‌رێم دروست ده‌كرێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
شوێنه‌وارى هه‌رێم دروستكردنى ئه‌پڵیكه‌یشنێكی بۆ چاودێریكردن و پاراستنى شوێنه‌واره‌كانى راگه‌یاند و ده‌شڵێت، ته‌نیا بۆ كادیرانى تایبه‌تمه‌نده و بۆ هه‌موو هاوڵاتیان نییه.
که‌یفی مسته‌فا، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و کەلەپوورى هه‌رێم له‌گه‌ڵ پڕۆفیسۆر گراهام فلیپ سەرۆکی رێکخراوی EAMEAN ـى به‌ریتانى کۆبووەوە و دروستكردنى ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كه تاوتوێ كرد.
له ئه‌نجامى ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ى كه شوێنه‌وارى هه‌رێم چه‌ندین ساڵه له‌گه‌ڵ زانكۆى نۆرهانى به‌ریتانى هه‌یه‌تى، دروستكردنى ئه‌م ئه‌پڵیكه‌یشنه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
كه‌یفی مسته‌فا، به 964ـى راگه‌یاند، ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كه ته‌نیا بۆ هه‌ندێك كادیری تایبه‌تى شوێنه‌وارییه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان، بۆ چاودێریكردنى پێگه شوێنه‌وارییه‌كانه و بۆ هه‌موو هاوڵاتیان نییه، “چونكه چاودێری و پاراستنى شوێنه‌واره‌كان كارى ئیداره‌ى شوێنه‌واره”.
وتیشی “دواى كۆتایی هاتنى مانگى ره‌مه‌زان ده‌ست به به‌ڕێوه‌بردنى خولی تایبه‌ت به ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كه بۆ كادیره‌كانمان ئه‌نجام ده‌درێت”.
پێشتر له ساڵانى رابردوو له‌گه‌ڵ ئه‌م پڕۆفیسۆره به‌ریتانییه چه‌ندین خول و راهێنان له‌سه‌ر لاپ‌تۆپ بۆ چاودێری شوێنه‌واره‌كان ئه‌نجامدراوه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان چاودێریكردن و پاراستنى شوێنه‌وارییه‌كان ده‌كه‌وێته سه‌ر مۆبایله‌كان.