بەپێى ئەنجامەکانى سەرژمێرى
رێژەى نەخوێندەوارى لە هەرێمى کوردستان زیاترە بەراورد بە عێراق
964+
وریا فەتاح
سەرژمێرى دانیشتوان راگەیەندرا و چەند زانیارییەکى لە بوارە جیاوازەکان خستووەتەڕوو، بەپێى ئەنجامەکانیش بێت، رێژەى نەخوێندەوارى لە هەرێمى کوردستان زۆرترە، بەراورد بە عێراق.
لە ئەنجامەکانى سەرژمێرى ئەوە خراوەتەڕوو کە رێژەی نەخوێندەواری لە عێراق لە نێو دانیشتوانی (10 ساڵ و سەرووتر)، 15.31%یە، لە هەرێمی کوردستانیش 16.23%ـە، بەمەش رێژەى نەخوێندەوارى لە هەرێمى کوردستان بەرزترە.
رێژەی وەرگرتنی خوێندکاران لە خوێندنی سەرەتایی لە عێراق 88%ـە، لە هەرێمی کوردستانیش بۆ 93%یە، بەمەش گەشەى پڕۆسەى خوێندن لە هەرێمى کوردستان چالاکترە.
لەبارەى خزمەتگوزارییەکانیشەوە، پڕۆسەى سەرژمێرى ئاشکراى کردووە، ئاوی خواردنەوە لەناو ماڵدا بۆ 87%ـى دانیشتوانی عێراق بەردەستە، بەڵام لە هەرێمى کوردستان بۆ 82%ـى دانیشتوان بەردەستە.
لەبارەى کارەباشەوە، 98%ـى دانیشتووانی عێراق پشت بە تۆڕی گشتی دەبەستن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان 93% پشت بە تۆڕی گشتی دەبەستن.
بۆ پاکوخاوێنى ئاوەڕۆى ماڵانیش، 49%ـی ماڵان لە هەرێمی کوردستان و 44%ـى ماڵەکانی عێراق پشت بە تۆڕی ئاوەڕۆ دەبەستن بۆ فڕێدانی ئاوی پیسی ماڵان.
ئەنجامی سەرژمێرییەکە ئاماژە بەوە دەکات، رێژەی ئەو ماڵانەی خاوەن یەکەی نیشتەجێبوونن لە عێراق 72.15%، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 70.19%.