دەوامیان زیادیکردووە و ناڕازین
کارمەندانی چاکسازی کارەبای سلێمانی گردبوونەوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
کارمەندانی هۆبەی چاکسازی لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی دەوامیان زیادیکردووە، بەوهۆیەوە چوونە بەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکە و ناڕەزاییان دەربڕی.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە 964ـیان وت، لەئێستادا دەوامیان پێنج وەجبەیە بەڵام بە بڕیارێک دەکرێن بە چوار وەجبە و بەو بڕیارە دەوامیان لە مانگێدا دەبێتە 180 کاتژمێر، ئەوەش بە غەدرێکی روون دەزانن.
ئاماژەیان بەوەشکرد، لە ئێستادا چوار رۆژ لە ماڵن و 24 کاتژمێر دەوام دەکەن، واتە لە مانگێدا شەش رۆژ دەوام دەکەن کە دەبێتە 144 کاتژمێر.
بە قسەی خۆیان هیچ کارمەندێکی حکومەت نییە 100 بۆ 120 کاتژمێر دەوام بکات و وەک ئەوان بەرێکوپێکی دەوام ناکەن.
دەوامی کارمەندانی چاکسازی لە بەڕێوبەرایەتی کارەبای سلێمانی بەهۆی خانەنشینبوونی ژمارەیەک کارمەند و فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە زیادی کردووە و دەوترێت دەیانەوێ شوێنی خانەنشینبووانیان پێ پڕ بکەنەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری