"ئاماژەیە بە هاتنی سەرما و بەفری زۆر"
بوونەوەرێکی سەرسووڕهێنەر لە شاخی گۆیژەی سلێمانی دەرکەوتووە
964+
شۆڕش قادری
لە حاڵەتێکی دەگمەندا جۆرە کرمێک لە شاخی گۆیژەی سلێمانی دەرکەوتووە و بەقسەی شارەزایانی گەشتوگوزار ئاماژەیە بە هاتنی سەرما و بەفری زۆر.
نادر رۆستی وتەبێژی پێشووی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و نووسەر لە بواری گەشتوگوزار بە 964ـی وت، “رۆژی هەینی 21.2.2025 گروپی شاخەوانی ئاسۆس چوونەتە زنجیرە چیای گۆیژە لە شاری سلێمانی و سەرۆکی گروپەکە ئیدریسی مام وەلی جۆرە خشۆکێکی بینیوە و تەسویری کردووە و بۆ منی ناردووە”.
“بەپێی زانیارییەکانی من ئەمە ماری بەفرە، هەندێکیش پێی دەڵێن، کرمی بەفر کە دەرکەوتنی ئاماژەیە بۆ هاتنی سەرما و بەفری زۆر و زۆر بە دەگمەن دەبینرێ”، نادر رۆستی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەزموونی ژیان و زانایان پێمان دەڵێ کە زۆرێک لە بوونەوەرەکان هەست بە روداوەکان دەکەن بەر لەوەی رووبدەن، بۆ نموونە قڕژاڵ هەست بەلافاو دەکات بۆیە دەم کانی و رووبارەکان جێ دەهێڵن و دەڕۆن، مار و پشیلە و سەگ و مێروولە و ئەسپ، هەست بە بوومەلەزرە دەکەن، یان شوێن دەگۆڕن یان دەنگیان زۆر دەبێ، تەنانت هەندێکیان پێش چەند رۆژێک هەست دەکەن، هەندێک باڵندە و گیانداریش هەست بە بورکان دەکەن.
نادر رۆستی ڤیدیۆکەی لە فەیسبووکی خۆی داناوە و هاوڵاتییەکیش لە کۆمێنت بۆی نووسیوە، “ئەم جۆرە بوونەوەرە پێی دەوترێت (نێتۆمۆرفا ) و (گۆردیاسیا) کە زیاتر لە شوێنە شێدار و ساردەکاندا دەژی و بە شێوەیەکی باو بە کرمی مووی ئەسپ یان کرمی گۆردیان ناسراوە، چونکە زیاتر لەشێوەی موی کلکی ئەسپ دەچێت، دەمی نیە و لەڕێی پشتییەوە ماددە خۆراکییەکان دەخوات تا ئەو کاتەی گەشە دەکات، دواتر بۆ ئەوەی زاوزێ بکات پێویستە لە ئاودا بژی، هیچ زیانێکیشی بۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکان نییە”.
ئەوەش لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا چڕتر دەبێتەوە.