شاندی رۆژنامەنووسانی فەرەنسا 22ی نیسان لە هەولێرن

رۆژنامەنووسانی كوردستان و فەرەنسا یاداشێتێك بۆ ئازادی و رێكخستنەوەی میدیا واژۆ دەكەن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

شاندێكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە پاریسن و لەگەڵ سەندیكای نیشتمانیی رۆژنامەنووسانی فەرەنسا گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ واژۆكردنی یاداشتێك، سكرتێری ئەنجومەنی سەندیكاكەی خۆمان دەڵێت، 22ی نیسان شاندێكی فەرەنسییەكان دێنە هەولێر و یاداشتەكە لە بارەی كاری و رێكخستنەوەی كاری میدیا لە كوردستان واژۆ دەكەن.

شاندەكەی رۆژنامەنووسانی كوردستان چەند رۆژێكە لە پاریسن و كۆبوونەوەیەكیشیان لەگەڵ سەندیکای نیشتمانیی رۆژنامەنووسانی فەرەنسا كردووە.

هندرێن ئەحمەد سکرتێری ئەنجومەنی سەندیکا و وتەبێژ، ئەمڕۆ شەممە 22.2.2025 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی دۆخی میدیا بە گشتی لە هەرێمی کوردستان و فەرەنسا گفتوگۆ کرا، هەردوو سەندیکا هاوڕابوون بۆ کاری هاوبەش و رێکخستنەوەی میدیا و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم شێوازی نوێی کاری میدیا.

وتیشی، “یاداشتێكی لەیەكتێگەیشتن ئامادە دەكرێت بۆ ئەم كارانە و بڕیارە رۆژی 22ی نیسانی داهاتوو لە یادی رۆژنامەگەریی كوردی، شاندێكی سەندیكای نیشتمانیی رۆژنامەنووسانی فەرەنسا بێنە هەولێر و یاداشتەكە واژۆ بكەین”.

هەندرێن ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا، لە کۆبوونەوەکەدا نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەنتوان شوزیڤیل، هاوسکرتێری سەندیکای نیشتمانیی رۆژنامەنووسانی فەرەنسا و ئەندامی بۆردی کۆمسیۆنی پێدانی کارتی رۆژنامەنووسانی پرۆفیشناڵی فەرەنسای بانگهێشتی هەولێر کرد، بۆ ئەوەی بەشداربن لە ساڵیادی یادی رۆژنامەگەریی کوردی، بڕیاریشە پانێلێكی هاوبەش بۆ بابەتی رێكخستنی میدیا، ئازادی و یاساكانی كاری رۆژنامەنووسی رێكبخرێت.

شاندەكەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بۆ پاریس پێكهاتوون لە ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، بژار حەکیم، جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسان و هەندرێن ئەحمەد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەندیکا.

سەندیکای رۆژنامەنووسان وەرگرتنی ئەندامی تازەی وەستان...

سەندیکای رۆژنامەنووسان وەرگرتنی ئەندامی تازەی وەستاند