"قەزاو قەدەر بوو"

بارهەڵگرێکی “ئۆڕاڵ” کۆڵبەرێکی گەنجی شێلا و مرد

کامیار کەمال – پێنجوێن

گوندی سریستان لە ناوچە دووردەدەستەکانی پێنجوێنە، لەو گوندە درەنگانی شەوی رابردوو بارهەڵگرێک لە جۆری “ئۆڕاڵ” بەسەر کۆڵبەرێکدا رۆشتوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

گوندەکە کە کۆڵبەرەکەی تێدا گیانی لەدەستداوە، سەر بە ناحیەی گەرمکە و زیاد عەبدوڵا بەرێوەبەری ناحیەی گەرمک لەسەر رووداوەکە بۆ 964جقسەی کرد و رایگەیاند، درەنگانی شەی رابردوو لە کاتژمێر یەکی نیوەشەو رووداوەکە روویداوە.

کۆڵبەرەکە کوڕێکی گەنجە، بەڵام نازانرێ بە دیاریکراوی تەمەنی چەندە، چونکە ناسنامەی پێ نەبووە و تا ئێستاش کەسوکارەکەی دیار نییە، بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک دەڵێ، ئەو شۆفێرەی کە رووداوەکەی دروست کردووە چاوی لێ نەبووە، چونکە بارهەڵگری ئۆراڵی پێ بووە کە بارهەڵگرێکی بەرزە و بەهێزە و راستەوخۆش خۆی رادەست کردووە و رووداوەکەش قەزا و قەدەر بووە.

پاش رووداوەکە، هەر شەو مەفرەزەی پۆلیس چونەتە ئەو گوندە و تەرمەکەیان هێناوەتە بۆ نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن و ئێستاش رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە، لە دوای گوندی سریستان، سێ گوندی دیکە هەیە و دواتر سنوری رۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێدەکات و گوندەکەش بەرامبەر گوندی شێرەیە و دانیشتوانەکەی لە هاویندا سەرقاڵی کاری کشتوکاڵین و لەو سنورانەش کاری کۆڵبەری دەکرێ.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا