نەخشەیەكی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر
كەوتە بواری جێبەجێكردن
پرۆژەیەكی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر 1000 بیر دادەخات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە هەولێر پڕۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوە كەوتە بواری جێبەجێكردن و كاركردن تێیدا دەستیپێكرد، كە درێژییەكەی 411 كیلۆمەترە، بە تەواوبوونی پڕۆژەكە، بە قسەی وەزیری شارەوانی، هەزار بیری ئاو دادەخرێن.
دەستپێكردنی پڕۆژەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.2.2025 لە رێوڕەسمێكدا راگەیاندرا، كە وەزیری شارەوانی، پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانی ئامادەی بوون.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ساسان عەونی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پڕۆژەكە گەورەیە و بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم مەسرور بارزانی بڕیاری لەسەردراوە، كە بڕی 25 ملیار دیناری لێ خەرج دەكرێت و درێژیی تۆڕەكە 411 كیلۆمەترە.
وتیشی، پڕۆژەكە دەبێتە تەواوكەری پرۆژەی ئاوی هەولێر و بە تەواوبوونی، هەموو گەڕەكەكانی سنوورەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە تایبەتی دەرەوەی شەقامی 120 مەتری و ناوەوەی شەقامەكە لێی سوودمەند دەبن، هەروەها زیاتر لە 1000 بیری ئاویش دادەخرێن.
هەر لە بارەی پڕۆژەكەوە پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو رایگەیاند، پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ لە هێڵە لاوەكییەكان و بەستنەوەی بە هێڵە سەرەكییەكانی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر، گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە، ژمارەی ئەو ماڵانەی لێی سوودمەند دەبن 248 هەزار ماڵن، واتە هاوبەشی ئاو لەو پرۆژەیەدا لە شاری هەولێر و دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن كە 63 هەزار هاوبەشیان لە دەرەوەی شاری هەولێرن.
بە گوێرەی ئەو نەخشەیەی پڕۆژەكە، كە لەگەڵ دانانی بەردی بناغەكە نمایشكرا، ماوەی یەك ساڵ بۆ تەواوكردنی دانراوە و لەلایەن كۆمپانیای كەیوەن جێبەجێ دەكرێت.