ئەو گەنمەی کە تۆمار کراوە. فۆتۆ: وەزارەتی کشتوکاڵ
"هەولێر 14"
جۆرە گەنمێکی نوێ بۆ نان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا
ژووری هەواڵ
جۆرە گەنمێکی نوێ کە لە خاکی هەرێمی کوردستان دەڕوێت و بۆ دروستکردنی نان زۆر گونجاوە، لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندی حکومەتی عێراق تۆمار کرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.2.2025، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای ساڵانێک لە ماندووبوون بۆ گەیشتن بە تەرزی نوێی خۆماڵی، تەرزێکی تری نوێ لە گەنمی نان لەلایەن لیژنەی باڵای تۆمارکردن و پەسەندکردنی بنەتۆ و لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ تۆمارکرا بەناوی “هەولێر 14”.
وەزارەتەکە راشیگەیاند، ئێستا ئەم تەرزە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی توێژينەوەى كشتوكاڵى هەولێر زیاد دەکرێت و دەخرێتە خزمەت جوتیاران.
” ئێستا ژمارەی تەرزە خۆماڵییەکانی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بوو بە 10 تەرز لە گەنم و جۆ بە ناوەکانی”، وەزارەتی کشتوکاڵ وا دەڵێت.
تایبەتمەندییەکانی ئەم تەرزە بریتییە لە:-
1- گەنمی نانە
2- بڕی بەرهەمی دەگاتە زیاتر لە 1250 کغم بۆ هەر دۆنمێک
3- ئەم تەرزە بەرگەگرە بەرامبەر ژەنگ.
4- نانێکی جوانی هەیە خاسیەتی لاستیکی هەیە دەکشێت.
5- شێوەی مۆرفۆلۆجی ئەم تەرزە گوڵێکی درێژو راست و رێکی هەیە.
6- بەرزی گەنمەکە دەگاتە (85 – 95) سم
7- زوو پێدەگات
8- باڵایەکی بەهێزی هەیە بەرەشەبا ناکەوێت و هەروەها گوڵەکانی ناوەرێت.
9- شێوەی دەنکی ئەم گەنمە هێلکەیی و رەنگی سپیە.