بریکارەکانی غازی ماڵان گردبوونەوە
دوای بڵاوکردنەوەی وێنەی جوتیارە کوردەکە پشکی غازی کارگەی لەیلان کەم کراوەتەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بەهۆی کەمی غازی شل بریکارەکانی غازی ماڵان لە بەردەم کارگەی پڕکردنەوی غازی تەحریر لە ناحیەی لەیلان گردبوونەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 20.2.2025 ژمارەیەک لە بریکارەکانی غاز لە ناحیەی لەیلان گردبوونەوە لە دژی کەمی غازی شل و پێیان وایە لە دوای کێشەی جوتیارانی کوردی گوندی شەناغەی ناحیەی سەرگەڕان سەری هەڵداوە.
شاڵاو سەیدە جێگری بەڕێوەبەری کارگەی غازی ماڵانی تەحریر بە 964ـی وت، پێشتر دوو تەنکەر دەهات بەڵام ماوەی چوار رۆژە تەنها یەک تەنکەر غازی شل دەگاتە کارگەکەمان، 35 بریکاری غازی ماڵانمان هەیە و دەبێت رۆژانە پێنج هەزار غازیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام لە ئێستادا تەنها هەزار بوتڵ دابین دەکرێت، لە پاڵ ئەوەشدا وێستەگەی پڕکردنەوەی غازی ئۆتۆمبێلمان هەیە بۆیە بەشمان ناکات.
وتیشی، کێشەی کەمی غاز چوار رۆژە روویداوە ئەوەش دوای ئەوەی پەلاماری نوێنەری جوتیارانی کورد درا لە گوندی شەناغە و لەسەر تراکتۆرەکەی بە ملپێچەکەی رایانکێشا، وێنەکەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاو بووەوە و خاوەنی ئەم کارگەش وەک پاڵپشتیەک بۆ جوتیاران لای خۆی بڵاوی کردەوە و لە دوای ئەوە کێشەمان بۆ درست دەکرێت.
964 چەند جارێک هەوڵیدا لێدوانی بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەش کردنی غاز و بەرپرسانی بەدەستبهێنێت بەڵام بەردەست نەبوون.
پێداچوونەوە: توانا نەقی