منارەی چۆلی لە هەولێر. فۆتۆ: پارێزگای هەولێر
22 مەتر بەرزە
مناری چۆلی لە هەولێر نزیکەی مەتر و نیوێک لار بووە
ژووری هەواڵ
لیژنەیەکی زانستی لەدوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوتووە منارەی چۆلی لە هەولێر تاوەکو ئێستا نزیکەی یەک مەتر و نیو لار بووە و ئەگەر چارەسەر نەکرێت لە داهاتوودا زیاتریش لار دەبێت و مەترسیی کەوتنی لێدەکرێت.
منارەی چۆلی یان منارەی “مزەفەریە”، بەرزییەکەی نزیکەی 22 مەترە و یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی شاری ھەولێر، دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای قەڵای ھەولێر، لە کاتی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری دروستکراوە و مەزندە دەکرێ ئەم منارەیە پاشکۆی مزگەوتێکی گەورە بێت کە لەو سەردەمەدا دروستکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19.2.2025، محەمەد لەشکری، بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار لە ھەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، لە مانگی 6ـی ساڵی رابردووەوە لیژنەیەکی شارەزا لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین لێکۆڵینەوە لە مەترسیی کەوتنی منارەی چۆڵی دەکەن، بۆیان دەرکەوتووە کە منارەکە لە بەشی سەرەوەی یەک مەتر و 47 سانتیم لە ئاستی خۆی لار بووە.
“لە ئێستادا مەترسیی کەوتنی منارەکە نییە، چونکە بەشێک لەو هۆکارانەی کە ببونە هۆی لاربوونەوە، وەک سەوزایی و باخچەکەی دەوروبەری چیمەنتۆ کراوە و بووەتە هۆی راگرتنی”، محمەمەد لەشکری وای وت.
بە وتەی بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوار لە ھەرێمی کوردستان، دەبێت منارەکە چاککردنی بۆ بکرێت، چونکە کارەساتی سروشتی وەک بای بەهێز و بومەلەرزە و دەنگی بەهێز رەنگە کاریگەری هەبێت و زیاتریش لاری بکات.
تاوەکو ئێستا منارەی چۆلی دوو جار نۆژەنکراوەتەوە، دواین جار لە ساڵی 2006 بووە لەلایەن کۆمپانیایەکی چیکی، کە ئەوکاتە بەمەبەستی راگرتنی لاربوونەوەی منارەکە کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ دەکرا کە لەو ساڵەدا 80 سانتیم لارببوو.