"22 منداڵ خراونەتە ناو خێزانەکان"
هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی ئەو منداڵانەی لە ترافیک لایتەکان کاردەکەن بەردەوامە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
دیاردەی کارکردن و سواڵکردنی منداڵان لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی کوردستان مشتومڕی زۆر لەسەرە و تائێستا بنبڕ نەکراوە، لە سلێمانی هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو منداڵانە کۆبکرێنەوە و بخرێنەوە ناو خێزان.
سۆران سەعید بەپرسی پاراستنی خێزان لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی بە 964ـی وت، “چەند لیژنەیەکمان پێکهێناوە و لەگەڵ دادگا و ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکان دانیشتووین بۆ ئەوەی، ئەو منداڵانە کۆبکەینەوە و ئەو دایک و باوکانەشی سواڵ بە منداڵەکانیان دەکەن و دەیاننێرنە سەر شەقامەکان سزای قورس بدرێن”.
باسی لەوەشکرد، بەشێک لەو منداڵانە بازرگانیان پێودەکرێت و بەکار دەهێنرێن.
سۆران سەعید وتیشی، پڕۆژەی خێزانی جێگەرەوەیان هەیە و لەڕێی پڕۆژەکەوە توانیویانە 22 منداڵی ناو خانەکانی بێسەرپەرشتان ببەنە ناو خێزانەکان.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری